سەرۆکایەتی تورکیا بانگەشەی ئەنجامدانی کۆبونەوە نێوان ئەردۆگان و مەزلوم عەبدی ڕەتکردەوە
سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ئەو بانگەشانەی سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا و مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەی دو قۆڵی ڕەتکردەوە.
بورهانتین دوران، سەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی كۆماری توركیا ئەمڕۆ دوشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەرنامە و کارنامەی سیاسی ئەردۆغان هیچ کۆبونەوەیەک لەگەڵ مەزلوم عەبدی لەخۆناگرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، كۆبونەوەیەكی لەو شێوەیە لە ئێستادا لەگەڵ ستراتیژییە ئەمنییەکانی تورکیادا ناگونجێن و "بانگەشەی کۆبونەوەکە بە تەواوی دورە لە ڕاستییەوە" و هەڵوێستی ئەنقەرە لەو بارەیەوە ڕون و ئاشکرایە.
ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا 6ـی ئەم مانگە لە وتارێكدا بۆ کۆنفراسی ئاشتی لە ئیستانبوڵ ڕایگەیاند، "دەمانەوێت پرۆسەی گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا هەبێت، گفتوگۆیەک کە وەک کورد لە سوریا لێی تێبگەین. دەمانەوێت سنورەکانی نێوانمان بکرێنەوە، هەروەها كەناڵی پەیوەندیدارمان هەیە".
