سەرۆکایەتی پەرلەمان ڕەزامەندی دەڕبڕی بۆ تاوتوێکردنی دامەزراندنی دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان
ئەمڕۆ یەکشەممە،فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەران،ڕایگەیاند : کە ڕەزامەندیی سەرۆکایەتی پەرلەمانیان وەرگرتووە بۆ تاوتوێکردنی دامەزراندنی دەرچووانی بەشی پزیشکی بۆ ساڵانی خوێندنی ( 2023 - 2024 - 2025).
"عەدیلە حەموود" پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئەنجومەنی نوێنەران کە ئاژانسی موتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: پێشنیارمان پێشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران کردووە بۆ دامەزراندنی دەرچووانی بەشە پزیشکی و تەندروستییەکان بۆ ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 کە چاوەڕێی دامەزراندن دەکەن.
ووتیشی: دامەزراندنی ئەم توێژە بۆ حکومەت پابەندکەرە بەپێی یاسای ژمارە 6 ی ساڵی 2000.
ئاماژەی بەوەشکرد :کە ڕێگە بەم دەرچووانە نادرێت لە کەرتی تایبەتدا کار بکەن تاوەکو پڕۆسەی پلەبەندی (التدرج) تەواو نەکەن، بۆیە چەند پێشنیارێکمان پێشکەش کردووە و ڕەزامەندیی سەرۆکی پەرلەمانمان وەرگرتووە بۆ تاوتوێکردنیان لە دانیشتنەکانی داهاتووی ناو پەرلەماندا.
ڕوونیشیکردەوە : کە لە نێوان پێشنیارەکاندا دامەزراندنیان بە گرێبەست بەجۆرێکە کە ماوەی گرێبەستەکەیان وەک خزمەتی پلەبەندی بۆ هەژمار بکرێت، هەروەها دوای پەسەندکردنی بودجە و دابینکردنی پلەی وەزیفی لە ناو بودجەی ساڵی 2026دا،و مووچە و پارەی تەرخانکراویان بۆ بکرێت، جگە لە پابەندکردنی حکومەت بە دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ دامەزراندنیان یان کارکردنیان لە کۆلێژە ئەهلییەکاندا.
