سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی لیژنەی بەستنەوەی تۆڕی دەروازە سنوورییەکان دەکات
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران مەحەمەد شیاع سودانى، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی کرد تایبەت بوو بە لیژنەی بەستنەوەی تۆڕی دەروازە سنوورییەکان بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ڕاوێژکارە بەڕێزەکان.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە میانەی کۆبوونەوەکەدا بەڕێزیان گوێی لە پێشکەشکردنێکی گشتگیر گرت بۆ بەستنەوەی تۆڕی دەروازەکان و ئەو سیستەمەی کە دیزاین کراوە بۆ بەڕێوەبردنی، بنکەیەکی زانیاری یەکگرتوو و ناوەندی دابین دەکات، جگە لە ئەگەری پەیوەندیکردن لەگەڵ پرسگەکان بە مەبەستی پتەوکردنی ئاسایش و بەدواداچوون بۆ بارهەڵگرەکانی ترانزێت.
سودانی پێداچوونەوەی بە سیستەمی مۆڵەتی ئەلیکترۆنی پێشکەوتوو و سیستەمی شوێنکەوتنی زیرەک کرد لە دەروازەکان بۆ بارهەڵگرەکان و بەربەستەکانی بەردەم تەواوکردنی پڕۆژەکە کە لە ئازاری 2023 دەست بە کارکردن تێیدا کراوە و كار دەکات لەسەر کەم کردنەوەی کات و سنووردارکردنی گەندەڵی دارایی و پرۆسەکانی قاچاخچێتی و دەستکاریکردنی گومرگی.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سودانی جەختی کردەوە لەسەر پێویستی لە خۆگرتنی پڕۆژەی سیستەمی ئۆتۆماتیکیکردنی فراوان لە پرۆسەکانی پەیوەست بە دەروازە سنوورییەکان و دڵنیابوون لە کارەکانیان بە شێوەیەکی ناوەندی و دروستکردنی وێنەیەکی پشکنینی یەکگرتوو کە هەموو زانیاریە پێویستەکانی تێدابێت و فەرمانی کرد بە کەمکردنەوەی پشتبەستن بە فاکتەری مرۆیی تا زۆرترین ئاست.
هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی کرد بە خێراکردن لە یەکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان فەرمانگەکان بۆ گەیشتن بە دۆخێکی پەیوەندی لە نێوان بانکی ناوەندی و گومرگ و دەروازە سنورییەکان و هەموو فەرمانگە کەرتییەکان و ستایشی ئەو هەوڵانەی کرد کە دراون بۆ تەواوکردنی کارەکانی ئەم سیستمە و جێبەجێکردنی بە هەموو تواناکانییەوە.
