سەرۆکی حکومەتی هەرێم پێشوازی لە یاریزانانی یانەی ئیتیحاد کرد
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی پێشوازیکردنی لە شاندی یانەی ئیتیحادی سعوودی، جەختی کردەوە وەرزش رۆڵێکی گرنگ لە لەیەک نزیکكردنەوە و برەودان بە تەبایی و ئاشتەوایی نێوان گەلان دەگێڕێت.
رۆژی یەکشەممە (5ـی تشرینی دووەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە سەرۆک و راهێنەر و یاریزانانی یانەی وەرزشی (الاتحاد)ـی سعوودی کرد.
لە دیدارەکەدا کە محەممەد بن سلێمان عەسێری، کونسوڵی گشتیی عەرەبستانی سعوودی لە هەولێر ئامادەی بوو، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی وێڕای بەخیرهێنانی شاندی یانەی (الاتحاد)، ئاماژەی بە پەیامی گرنگی وەرزش کرد کە جیا لە بەخشینی چێژ و بەسەربردنی کاتێکی خۆش و سوودی تەندروستی، لە هەمان کاتدا دەکرێ وەرزش رۆڵێکی گرنگیش لە لەیەک نزیکكردنەوە و برەودان بە تەبایی و ئاشتەوایی نێوان گەلان بگێڕێت.
هاوکات سەرۆک و یاریزانانی یانەی (الاتحاد) خۆشحاڵی خۆیان بە هاتنیان بۆ کوردستان و پێشوازی گەرمیان لەلایەن خەڵکی هەولێرەوە دەربڕی.
