سەرۆکی دادگای فیدراڵی: نابێت کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵی ببێتە پاساو بۆ دواکەوتنی مووچە
سەرۆکی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردەوە نابێت هیچ کێشەیەک ببێتە هۆی دواخستنی پێدانی مووچە و دەبێت مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی مووچەخۆرانی عێراق لە هەمان کاتدا مووچە وەربگرن.
رۆژی یەکشەممە (14ـی کانوونی دووەمی 2024) دادوەر جاسم محەممەد عەبود، سەرۆکی دادگای فیدراڵی رایگەیاند، پێویستە چارەسەرێکی ریشەیی بۆ کێشەی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بدۆزرێتەوە و ئاماژەی بەوەشکردووە، دادگای فیدراڵی لەوبارەیەوە پێداچوونەوە بە داوایەک دەکات.
سەرۆکی دادگای فیدراڵی بۆ ئاژانسی هەواڵەکانی عێراق روونیکردووەتەوە، بەگوێرەی ماددەی 14ـی دەستووری عێراق پێویستە یەکسانی هەبێت لە مافی هاووڵاتییان و ئەمەش ئەوە دەسەپێنێت کە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەکانیان بە هەمان بڕ و هەمان کات هاوشێوەی مووچەخۆرانی دیکە لە هەموو عێراق وەربگرن.
دادوەر جاسم محەممەد عەبود باسی لەوەکردووە: "پێویستە بە هەمان شێوەی مامەڵە لەگەڵ فەرمانبەرێکی زاخۆ بکرێت کە لە بەغدا، سەڵاحەددین، دیالە، میسان و بەسرە دەکرێت، چونکە مووچە بژێوی خەڵکە و نابێت رێگە بە دواکەوتنی بدرێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی دادگای فیدراڵی جەختیکردووەتەوە، نابێت کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵی ببێتە هۆی دواکەوتنی پێدانی مووچە لە هەرێمی کوردستان، کە ئەوانیش بەشێکن لە عێراق و پێویستە حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کار لەسەر چارەسەرکردنی ریشەیی بۆ کێشەکان بکەن".
