سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان: هیچ دەروازەیەکی نایاسایی لە ناوەڕاست و باشووردا نییە
ئەمڕۆ یەکشەممە"فەریق عومەر وائیلی " سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، جەختی کردەوە کە هیچ دەروازەیەکی سنووریی نا فەرمی (نایاسایی) لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقدا بوونی نییە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران کە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووه، تیایدا هاتووە : "وائیلی " لە کاتی میوانداریکردنی لە پەرلەمان، وتی : جێبەجێکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی تا ڕادەیەکی زۆر سنوری بۆ دیاردەی گەندەڵی داناوە کە پێشتر لە دەروازەکاندا هەبوو.
ووتیشی: کارکردن لە دەستەی دەروازەکان لە بەغدا بە درێژایی 24 کاتژمێر و بە شێوەیەکی ڕێک و پێک لە تەواوی ئەو دەروازە سنوورییانەی سەر بە حکومەتی فیدراڵین، بەردەوامە.
ڕوونیشیکردەوە: نەگەیشتووینەتە هیچ لێکتێگەیشتنێکی فەرمی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروازەکان لە هەرێمی کوردستان.
لە کۆتایی قسەکانیدا وائیلی بوونی هەر دەروازەیەکی نایاسایی لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور ڕەتکردەوە.
