سەرۆکی مەهەپە: داوا لە دەم پارتی دەکەم ببنە حزبێکی تورکیا
سەرۆکی پارتی مەهەپەی توندڕەوی تورکیا، دەوڵەت باخچەلی ڕایگەیاند: "بەرپرسیارێتی دەم پارتی تێگەیشتنە لە بەهای ئەو دەستە ڕاستگۆیەی بۆ تەوقەکردن بۆی درێژکراوە، هەروەها هەستکردن و هەڵسەنگاندنە تا ببێتە پارتی تورکیا".
لە گوتارێکیدا کە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا پێشکەشی کرد، باخچەلی ئاماژەی بەوە کرد کە سیاسەتی دروست سیاسەتی بەڕەوشتە کە مرۆڤەکان کۆدەکاتەوە، لەیەکتریان نزیک دەکاتەوە، بەیەکیان دەگەیەنێت، وایان ڵێدەکات یەکتر لە ئامێز بگرن.
باخچەلی ڕایگەیاند: "لە سیاسەتدا هیچ شتێک نییە کە نەتوانین لەگەڵ کەس و لایەنێک گفتوگۆی لەسەر نەکەین و چارەسەری نەکەین، پەیوەندی سیاسییمان، شێوازی ڕەق یان نەرممان پەیوەست نییە بە کەسایەتی یەک بە یەکی تاکەکان، بەڵکو سنووردارە بە بیرۆکە و تواناکانی بیرکردنەوەیانەوە".
سەرۆکی پارتی مەهەپەی تورکی ڕەگەزپەرست ئاماژەی بەوەکرد کە وەک ئاشتی سەردانی ڕیزی دەم پارتی باکووری کوردستان کرد و دەستی بۆ تەوقەکردن لەگەڵیاندا درێژ کرد.
گوتیشی: "ئەو دەستەی بۆ تەوقەکردن درێژم کرد، پەیامی یەکڕیزیی نەتەوەیی و برایەتیمانە، چرای ڕووناکییە کە وەک مەشخەڵی یەکەم پەرلەمان و گوتارە بەهێزەکەی بەڕێز سەرکۆمارمان دەدرەوشێتەوە، هیوا و داواکاریە کە دەڵێت وەرن ببنە پارتی تورکیا، ڕووبەڕووی تیرۆر ببنەوە، وەرن برایەتی هەزار ساڵە بچەسپێنن، ئێمە لە خۆوە بێ بەهایانە، بەبێزاری و لە پڕو بێ بیرکردنەوە دەست بۆ تەوقە کردن درێژ ناکەین. ئێمە بەبێ هۆکار سڵاو و تەوقە ناکەین".
