سەرۆکی هەرێم لەگەڵ كاربەڕێكەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا كۆبووەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە باڵیۆز دانیال ڕوبنستین كرد كە كارەكانی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق بەڕێوەدەبات.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا بڵاویکردەوە: لە كۆبوونەوەیەكدا پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا، دۆخی هەرێمی كوردستان، ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، یەكخستنەوەی پێشمەرگە و پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە، پێشهاتەكانی سوریا و دۆخی ناوچەكە، تاوتوێ كران.
هاوكات باڵیۆز ڕوبنستین جەختی لە پابەندیی ئەمریكا بە بەردەوامیی هاوكاری و پشتگیری لە عێراق و هەرێمی كوردستان كردەوە، و نێچیرڤان بارزانی ـ یش، سوپاس و پێزانینی بۆ هاوكاری و پشتگیریی ئەمریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، دەربڕی.
راگەیەنراوەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەكە و كاركردن بۆ بەرقەراربوونی ئاشتییەكی جێگیر، هەروەها دەربارەی دۆخی ئێزدییان لە شەنگال و كریستیان و پێكهاتەكان لە دەشتی نەینەوا، بیروڕایان گۆڕییەوە.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا كە كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، تیشك خرایە سەر چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش.
