سەرۆکی هەرێم چەند داواکارییەک ئاراستەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن کرد
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات، ژمارەی کورسییەکانی بازنەی پارێزگای هەڵەبجە زیاد بکرێت، هەروەها نوێنەری شارەزای تەکنەلۆژیای هەڵبژاردنی هەرێم لە ناوەندی تەکنیکی کۆمسیۆن بونیان هەبێت و دەسەڵاتی بەرێکردنی ئەرکەکانیان هەبێت.
نێجێرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نوسراوێکی ئاڕاستەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کردوە و تێیدا هاتوە، لە نزیکەوە چاوذیری ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن دەکەن، لە ئیدارەدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە بڕیارە لە رۆژی 10ی مانگی (حوزەیران/6) بەرێوەبچێت.
لە نوسراوەکەی نێچیرڤان بازرانی ئاماژە بەوەشکراوە، بونی گرفتی تەکنیکی لە نەخوێندنەوەی پەمجەمۆری هەزاران دەنگدەر کە 20٪ی دەنگدەران پێکدەهێنێت، هێشتا بەردەوامە، ئەوەش نیگەرانییەکی جدی بۆ زۆربەی دەنگدەران دروستکردوە، کە بەشدارییان لە هەڵبژاردنی پێشو کردوە و بەهۆی ئەو گرفتەوە لە مافە دەستورییەکانیان بێبەشکراون.
ئەوەشخراوەتەڕو، داوا دەکەن پێداچونەوە بە بڕیاری کۆمسیۆن بکرێتەوە لەبارەی دیاریکردنی کورسییەکانی ناوچەی هەڵبژاردنی چوارەم (پارێزگای هەڵەبجە) و زیادبکرێت، بۆ ئەوەی ژمارەی کورسییەکانی لەگەڵ ژمارەی دەنگدەرەکانی بگونجێت
لە نوسراوەکەی سەرۆکی هەرێم ئەوەشهاتوە، هەمو پرۆسەی هەڵبژاردن لە بارەگای دەستەی کۆمسیۆن لە هەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت و بەش بەش نەکرێت، چونکە ئەم هەڵبژاردنە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ نوێنەری قەوارە سیاسییەکان لە بارەگای کۆمسیۆن بکرێت، جگەلەوەش گرنگە نوێنەرەکانی هەرێمی کوردستان کە پسپۆڕن لە بواری تەکنەلۆجیای هەڵبژاردن لە ناوەندی تەکنیکی کۆمسیۆن بونیان هەبێت و دەسەڵاتی پێویستیان بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکان هەبێت لە هەمو قۆناغەکانی هەڵبژاردن.
باس لەوەشکراوە، چەند لایەنێکی سیاسی بەشداربوی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان داوادەکەن، لە دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان راستەوخۆ ئەنجامی سەرجەم بنکەکانی دەنگدان لە ماڵپەڕی فەرمی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاوبکرێتەوە، بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەکان بتوانن ئەنجامە بەراییەکان بەراورد بە ئەنجامە فەرمییەکان بکەن لە رۆژی دەنگدان.
