سەعدی پیرە: تۆمەتبارکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەوڵێکە بۆ دروستکردنی شەڕی ناوخۆ
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان ئەمرۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، یەکێتیی ئیدانەی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکانی پارێزگاکانی کرد، چونکە گورزێکە لە ئابووری هاوڵاتیان.
وتیشی: دەزگای هەواڵگری عێراق لە دەستگیرکردنی کەسێکی تێوەگلاو لەم ڕووداوەدا ئاگاداریکردینەوە کە سەربازی دژەتیرۆرى سلێمانییە دواتر دەزگاکە چەند مانگێک پێش ئێستا هەموو ئیمتیازەکانی ئەم کەسەی هەڵوەشاندەوە.
ڕاشیگەیاند، "تۆمەتبارکردنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە هەبوونی دەست لە ئاگرکردنەوە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بەشێکە لە بانگەشەی هەڵبژاردن، ئەوەشی ڕوودەدات پڕوپاگەندە نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ دروستکردنی شەڕی ناوخۆ، دهبێت خۆمان بۆ پێكهوه كاركردن ئاماده بكهین نهک بۆ ئاژاوه و شهڕی ناوخۆ".
وتەبێژی یەکێتیی دەشڵێت: "فڕۆكهخانهی نێودهوڵهتی سلێمانی كه ئێستا به ڕووی توركیا داخراوه، بههۆی راپۆرتی ناڕاست و درۆكانهوه بووە، وهک ئهوهی له رابردوودا میدیاكانی پارتی بڵاویانكردۆتهوه بهبێ ئهوهی هیچ شتێک لهو راپۆرتانه راست بن".
جەختیکردەوە کە یەکێتیی ئهم سیناریۆیانه زۆر به توندی رهتدهکاتەوە و "پارتی دهیهوێت دهسته چهورهكهی به ئێمه بسڕێت سابون و ئاو ههیه و با خۆی پێوە بشوات".
شایەنی باسە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە ئەمڕۆ دووشەممە لە بەغدا سازکرا لەنێوان وەزارەتی ناوخۆی عێراق و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم لەبارەی ئەو ئاگرانەی کە هەولێر و دهۆک و کەرکووک-یان گرتەوە لە ماوەی رابردوودا، پەکەکە تاوانبار دەکەن بە سووتانی ئەو بازاڕانەو سێ کەس لە کۆنگرە رۆژنامەگەرییەکەدا بە دەستوچاوی بەستراوەوە نیشان دران کە گوایە ئەندامی پەکەکە و دژەتیرۆر و یەکەی حەفتان.
