سەڵاحەدین بەهائەدین بۆ جاری هەشتەمین وەک ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی هەڵبژێردرا
وتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "مامۆستا سەڵا حەدین بەهائەدین زۆرینەی دەنگەکانی کۆنگرەی بەدەستهێناوە و بە ئەمینداری گشتی هەڵبژێردرایەوە"، ئەمەش لەکاتێکدا تاوەکو کۆتایی هەڵبژاردنەکە سەڵاحەدین بەهائەدین هیچ رکابەرێکی نەبووە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی یەکگرتوو.
هەروەها شایەنی باسە، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بۆ هەڵبژاردنەوەی سەڵاحەدین بەهائەدین پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەکەی گۆڕا و هەموارکردەوە، چونکە بەپێی پەیڕەوی پێشوو، ئەمینداری گشتی دەیتوانی تەنیا دوو خول ئەمیندار بێت، بەڵام سەڵاحەدین بەهائەدین 8 خول ئەمیندار بووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە شەش کادیری پیشکەوتووی یەکگرتووی ئیسلامی لە نێوانیاندا ئەبوبەکر کاروانی و ئەبوبەکر هەڵەدنی لە ریزەکانی یەکگرتوو دوورخرانەوە و نەیانتوانی بەشداری لە کۆنگرەکەدا بکەن.
بەیانی دوێنێ هەینی، كارەكانی كۆنگرەی نۆیەمی یەكگرتووی ئیسلامی لە شارى هەولێر دەستیپێكرد.
لەمبارەیەوە سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمیندارى گشتیى یەكگرتوو، لە وتارى كردنەوەى كۆنگرەکەدا باسی هەندێک کێشە و گرفت لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کرد و رایگەیاند: "مەسەلەى مووچە یەكێک بوو لە گرفتە بەردەوامەكانى ئەم پێنچ ساڵەى رابردوو، ئێمە لەمە بێدەنگ نەبووین".
ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی دەشڵێت: بەداخەوە ئەم خولەى پۆستى ئەمیندارێتى یەكگرتوو پێنچ ساڵ بوو، نەمانتوانى لە ساڵى 2023 كۆنگرە ببەستین "ساڵێكمان بەپێى پەیڕەوى ناوخۆ درێژكردەوە".
لەبارەی ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا و گرتنە دەسەڵات لەلایەن چەکدارە توندڕەوکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا نزیک لە تورکیا، سەڵاحەدین بەهائەدین گوتوویەتی: چواردە ساڵە گەلانى سووریا كۆشش و خەبات دەكەن، بێ بەرهەمبوو، بەڵام دیارە لەم وێستگەیە بەخێر گەڕا، دەمانەوێت لە دیمەشقەوە بە دەستور، چارەسەر بۆ حاڵەتى نەتەوەیى كورد دیاریبكرێت.
