شاخەوان عەبدوڵا: كشانەوەی كورد لە بەغدا واریدە
د.شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دوەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند،كشانەوەی كورد لە بەغدا واریدە، ئاماژەی بەوەشکرد لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانیەكانی پەرلەمانی عێراق هەڵوێستەكانیان یەكدەخەن بۆ موچەی مانگی كانونی یەكەمی 2024 فەرمانبەرانی هەرێم و دوبارە نەبونەوە ڕوداوەكانی ساڵی ڕابردو لە 2025دا.
د.شاخەوان عەبدوڵا، ئەمڕۆ یەكشەممە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئاگاداری كۆبونەوەكەی دوێنێ نێوان حكومەتی هەرێم و نوێنەرانی كورد لە بەغداین و ئەمڕۆش لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانیەكانی پەرلەمانی عێراق كۆدەبینەوە بۆ ئەوەی هەڵوێستی كورد یەك بخەین لەبارەی موچەی مانگی كانونی یەكەمی 2024 و دوبارەنەبونەوە ڕوداوەكانی ساڵی ڕابردو لە 2025دا".
ئاماژەی بەوەشكرد، دەیانەوێت لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانیەكان "یەك هەڵوێست بن" لەبەرامبەر ئەو زوڵم و تەعەدایەی كە لە خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكرێت و وەكو خۆیان بڵاویانكردوەتەوە، وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ساڵی 2024 تەنها 10 تریلیۆن دیناری ناردوە كە موچەی 10 مانگی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمە.
شاخەوان عەبدوڵا باسی لەوەشكرد، وەزارەتی دارایی عێراق بەناو دەڵێ موچەی 12 مانگی ساڵی ڕابردویان بۆ هەرێم ناردوە و 10 تریلیۆن دینارە، بەڵام موچەی فەرمانبەران و موچە خۆرانی هەرێم 12 تریلیۆن دینارە بۆ ساڵی 2024، بۆیە ئەوان قبوڵی ئەو بابەتە ناكەن و پەیامەكان ڕونن و لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانیەكان هەڵوێستمان یەكەخەین".
ئەوەشی خستەڕو، ئەمڕۆ كۆبونەوەی ئیدارەی دەوڵەت لە بەغدا بەڕێوەدەچێت و تێیدا پەیامی هەرێم و نوێنەرانی كورد لە بەغدا بە باس دەكرێت و "كشانەوەی كورد لە بەغداش واریدە" و هەمو ئەگەرێك كراوەیە، لە ئێستادا چاوەڕوانی ئەوە دەكەن بزانن هەوڵەكان بەكوێ دەگات.
