شاخەوان عەبدوڵلا :ئەگەری هەیە موچەی فەرمانبەران بخرێتە سەر خەرجی سیادی
جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق ئاماژە بەوە دەدات، بیرۆکەیەک هەیە بۆ ئەوەی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان لە خەرجی راستەقینە جیابکرێتەوە و بخرێته سه‌ر خه‌رجی سیادی.
ئەمڕۆ دووشەممە، شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق له‌باره‌ی سه‌ردانی شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا رایگه‌یاند، رۆژی چوارشه‌ممەی داهاتوو، 18ـی ئۆکتۆبەری 2023، شاندی هه‌ولێر و به‌غدا كۆده‌بنه‌وه و هه‌وڵده‌درێت بابه‌تی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له خەرجی راستەقینە (ئینفاقی فیعلی) جیابكرێته‌وه .
جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی پێ کرد، “بیرۆكه‌ی ئه‌وه هه‌یه مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بخرێته سه‌ر خه‌رجی سیادی، بۆیه به‌هه‌ر شێوازێك بێت ده‌بێت بابه‌تی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كوردستان چاره‌سه‌ر ببێت”.
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بڕیارە سبەی سەردانی بەغدا بکات، لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران؛ عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی بەدواداچوون و ژمارەیەک راوێژکار پێکدێت.
