شاندێکی پارتی سەردانی یەکێتیی دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت
بڕیارە ئەمڕۆ شەممە 30ـی تشرینی دووەم، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی یەکێتیی بکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم.
بەگوێرەی زانیارییەکان، تەوەرى سەرەکى کۆبوونەوەکەیان دانوستاندنە لەسەر یەکەم کۆبوونەوەى پەرلەمانى کوردستان و پێکهێنانى حکومەتى داهاتوو، ئەمەش دوای ئەوەی هەفتەى رابردووش پارتی لە سلێمانى سەردانى جوڵانەوەى نەوەى نوێ و بزووتنەوەى گۆڕانى کرد.
هاوکات، یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان کە 23 کورسى بەدەستهێناوە، شاندى دانوستاندنى بە سەرۆکایەتى قوباد تاڵەبانى پێکهێناوە، تاوەکو ئێستا لەگەڵ هەریەکە لە یەکگرتووى ئیسلامى، کۆمەڵى دادگەرى، بزووتنەوەى گۆڕان و جوڵانەوەى نەوەى نوێ کۆبووەتەوە.
دانوستاندنى نێوان لایەنەکان پاش ئەوەدێت، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رۆژى 2ـى 12ـى 2024 بۆ یەکەم دانیشتنى خولی نوێی پەرلەمانى کوردستان دیاریکردووە.
پێشتر، دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری یەکەمی سەرۆکی پارتی گووتی: بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن هیچ لایەنێک هێندە كورسی نییە بتوانێت بە تەنها حكومەت پێكبهێنێت، كابینەی داهاتووش حكومەتێكی هاوپەیمانی دەبێت، لە هەرێمی كوردستان ركابەری سیاسی هەیە، بەڵام دوژمنكاریی نییەو هیچ لایەک دوژمنی یەكتر نین، لایەنە سیاسییەكان لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی گەورەدان و كاتی ئەوە هاتووە بە دڵێكی پاك لەگەڵ یەكتر دابنیشن.
كلمات مفتاحية
- پارتی دیموکراتی کوردستان
- یەکێتیی
- یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
- پارتی
- کابینەی دەیەم
- حکومەتی هەرێم
- سلێمانی
- نێچیرڤان بارزانی
