شانشینی بەریتانیا کۆمەڵکوژی دژ بە ئێزیدیەکان بە جینۆساید ناساند
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، بەشێوەیەکی فەرمی ڕایگەیاند کە ئەمڕۆ سێشەممە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا، تاوانی چەکدارانی داعش بەرامبەر بە ئێزیدیەکان لەساڵی 2014 بە جینۆساید ناساند.
وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە شانشینی یەکگرتوو بە فەرمی دانی بەوەدا ناوە کە داعش لە ساڵی 2014 کۆمەڵکوژی لە دژی ئێزیدییەکان ئەنجامداوە.
له راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "حکومەتی بەریتانیا ئەو كردەوانەی کە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە ساڵی 2014 لە عێراق دژی ئێزیدییەکان ئەنجامیاندا، بە جینۆساید زانی".
لە ڕاگەیەندراوەکەی حکومەتى بەریتانیا ئاماژە بەوەشکرا، "شانشینی یەکگرتوو بە فەرمی دان بە پێنج حاڵەتی جینۆساید دا دەنێت، ئەوانیش هۆلۆکۆست، ڕواندا، سرێبرینیکا، جینۆساید لە کەمبۆدیا و کۆمەڵکوژی دژی گەلی ئێزیدی".
لەم بارەیەوە، وەزیری پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، لە حکومەتی بەریتانیا ڕایگەیاند: “ئێزیدییەکان ئازاری زۆریان چێژت لەژێر دەستی چەکدارانی داعش، تاکوو ئێستا شوێنەواری تاوانی ئەم گرووپە دژ بە ئێزیدیەکان دیارە، بۆیە گەیاندنی دادپەروەری پێویستە بۆ ئەو کەسانەی کە ژیانیان وێران بوو”.
