شەمخانی: ئه‌گه‌ر شوێنه ئه‌تۆمییه‌كانیش له‌ناوببرێن یارییه‌كه كۆتایی نه‌هاتوه
ڕاوێژكارێكی عه‌لی خامنه‌یی ڕابه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران ئه‌مرۆ یه‌كشه‌ممه رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی سه‌ره‌ڕای هێرشه‌كانی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر سێ پێگه‌ی ئه‌تۆمی تا ئێستاش كۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی پاراستوه.
عه‌لی شه‌مخانی ڕاوێژكاری عه‌لی خامنه‌یی له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له پلاتفۆرمی ئێكس نوسیویه‌تی، "ئه‌گه‌ر شوێنه ئه‌تۆمییه‌كانیش له‌ناوببرێن، یارییه‌كه كۆتایی نه‌هاتوه، ماده‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندكراو، زانیاری ناوخۆیی و سیاسی ده‌مێنێته‌وه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ده‌ستپێشخه‌ریی سیاسی و ئۆپه‌راسیۆنی ئێستا لای ئه‌و لایه‌نه‌یه كه به زیره‌كی یارییه‌كه ده‌كات و خۆی له هێرشی كوێرانه به‌دور ده‌گرێت، سوپرایزه‌كان به‌رده‌وامن".
سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه، دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند، سوپای ئه‌مریكا "هێرشێكی زۆر سه‌ركه‌وتو"ی بۆ سه‌ر سێ شوێنی ئه‌تۆمی ئێران ئه‌نجامداوه، له‌نێویاندا دامه‌زراوه‌ی پیتاندنی یۆرانیۆمی ژێرزه‌مینیی فۆردۆ .
