شەمخانی: هەر هێرشێک بۆ سەر ئێران دەبێتە سەرەتای جەنگێکی بەرفراوان
عەلی شەمخانی، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی بەرگری ئێران هۆشداریدا کە هەر هێرشێک بۆ سەر ئێران، هەرچەندە سنوردار بێت، دەبێتە "سەرەتای جەنگێکی بەرفراوان" لە ناوچەکەدا، و ئەمینداری ئاسایشی نیشتمانی ئێرانیش جەختیکردەوە کە ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عومان ئەنجامیداون "زۆر بەرهەمدار" بون.
عەلی شەمخانی، ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێكدا كە میدیاكانی وڵاتەكە بڵاویكردوەتەوە، هۆشداریدا کە هەر هێرشێک بۆ سەر ئێران، هەرچەندە سنوردار بێت، دەبێتە "سەرەتای جەنگێکی بەرفراوان" لە ناوچەکەدا، و جەختیکردەوە کە کاریگەری لەسەر دابینکردنی وزە و لە ئەنجامدا ژیانی گەلانی جیهان دەبێت.
فەرماندەکانی هێزە چەکدارەکان لە بۆنە جیاجیاکاندا ڕایانگەیاندوە کە هەر دەستدرێژییەکی سەربازی بۆ سەر ئێران، تەنانەت ئەگەر سنوردار بێت، بە جەنگ دادەنرێت، و جەنگێک نییە کە تەنها لە ناوچە جوگرافییە سنوردارەکاندا بمێنێتەوە، و تەنها ڕوبەڕوبونەوەی نێوان دو لایەن نابێت.
لە لایەکی دیكهوه عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران پێش جێهێشتنی مەسقەت بەرەو دەوحە جەختیکردەوە کە ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عومان ئەنجامیداون "زۆر بەرهەمدار" بون.
لاریجانی ڕونیکردەوە کە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا "تا ڕادەیەک باش" بون، ئاماژەی بەوەشکرد کە واشنتن هەوڵدەدات ئەم گفتوگۆیانە بەرەو دۆزینەوەی چارەسەر ببات. ئەوەشی خستەڕو کە هێشتا زوە حوکمێکی تەواو لەسەر بنەمای یەک دانیشتنی دانوستانەکان بدرێت و داوای کرد لە خولەکانی داهاتودا بەردەوامی بەو ڕێڕەوە بدرێت.
