عامری و سامەڕایی جەخت لەسەر پێویستی پاراستنی سەقامگیری سیاسی دەکەنەوە
ئەمڕۆ دووشەممە، هادی عامری، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر، و موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم، جەختیان لەسەر پێویستی پاراستنی سەقامگیری سیاسی کردەوە بۆ زاڵکردنی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی موتەڵع گەیشتووە، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە، هادی عامری، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر، لە نووسینگەکەی خۆی لە بەغدا پێشوازی لە موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم کرد، و لە دیدارەکەدا دوا پەرەسەندنەکانی گۆڕەپانی سیاسی دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تاوتوێ کرا و جەخت کرایەوە لەسەر گرنگی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لێک نزیکبوونەوەی نیشتمانی لە نێوان سەرجەم هێزە سیاسییەکاندا، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە یەکخستنی هەوڵەکان و ڕێکخستنی ئەولەوییەتە نیشتمانییەکان".
هەروەها وتی: "هەردوو لا جەختیان لەسەر پێویستی پاراستنی سەقامگیری سیاسی و زاڵکردنی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و بەردەوامیدان بە کاری هاوبەش کردەوە بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنی قۆناغی داهاتوو و خزمەتکردنی هاوڵاتیانی گەلی عێراق".
