عامری و مەندەلاوی جەخت لەسەر کاری هاوبەش و یەکخستنی هەڵوێستەکان دەکەنەوە
ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر، هادی عامری، و جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، موحسین مەندەلاوی، جەختیان کردەوە لەسەر پتەویی چوارچێوەی هەماهەنگی و پەرۆشی هێزەکانی بۆ بەهێزکردنی کاری هاوبەش و یەکخستنی هەڵوێستەکان.
نووسینگەی راگەیاندنی عامری لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد کە "ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر، هادی عامری، لە نووسینگەکەی لە بەغدا پێشوازی لە جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، موحسین مەندەلاوی، کرد".
ڕاگەیەندراوەکە ڕوونی کردەوە کە "هەردوو لایەن پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و ئەو پرۆسە دیموکراتییەیان کرد، کە گەلی عێراق بەشدارییان تێدا کرد بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانیان لە دەسەڵاتی یاسادانان".
ئاماژەی بەوە کردووە کە "لە میانی دیدارەکەدا، کۆی گشتیی دۆخی سیاسیی وڵات تاوتوێ کرا و پێشهاتە نوێیەکانی ئێستا خرانەڕوو، جگە لە گفتوگۆکردن لەسەر دیدگاکانی نیشتمانیی هاوبەش کە پشتیوانی لە سەقامگیریی پرۆسەی سیاسی دەکەن".
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هەردوو لایەن "جەختیان کردەوە لەسەر پتەویی چوارچێوەی هەماهەنگی و پەرۆشیی هێزەکانی بۆ بەهێزکردنی کاری هاوبەش و یەکخستنی هەڵوێستەکان، بە شێوەیەک کە گەرەنتی بەدیهێنانی بەرژەوەندیی نیشتمانی بکات".
