عراقچی: ره‌نگه پێنجشه‌ممه له‌گه‌ڵ ویتكۆف له جنێڤ كۆببینه‌وه
عه‌باس عراقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگه‌یاند، ره‌نگه رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی داهاتو له‌گه‌ڵ ستیڤ ویتكۆف، نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌مریكا له جنێڤ كۆببنه‌وه. ده‌شڵێت، سه‌رقاڵی كاركردنین له‌سه‌ر ئاماده‌كردنی ره‌شنوشێك كه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌ردولا له‌به‌رچاوبگرێت و بگه‌ینه رێككه‌وتنێكی خێرا.
عه‌باس عراقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی سی بی ئێس وتی، دیپلۆماسییه‌ت ته‌نیا رێگه‌یه‌ك كه ده‌توانێت نیگه‌رانییه‌كانی ئه‌مریكا له‌باره‌ی دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی ئێرانه‌وه بڕه‌وێنێته‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌وان ده‌یانه‌وێت رێگه چاره‌یه‌ك بۆ به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ئاشتیانه‌ی ئێران بدۆزنه‌وه، ته‌نیا رێگه دیپلۆماسییه‌ته.
جه‌ختیشی كرده‌وه، هیچ پێویستییه‌كه به هیچ جۆره جێگیركردن و نمایشێكی سه‌ربازی نییه. ئه‌م هه‌نگاوه ئێمه ناترسێنێت.
وتیشی، خه‌ریكی كاركردنین له‌سه‌ر ئاماده‌كردنی ره‌شنوسی رێككه‌وتنێك، ره‌نگه رۆژی پێنجشه‌ممه له‌گه‌ڵ ویتكۆف له جنێڤ كۆببینه‌وه.
به‌قسه‌ی عێراقچی ده‌كرێت له‌گه‌ڵ واشنتۆن بگه‌نه رێككه‌وتن و له هه‌ندێك روه‌وه ده‌كرێت رێككه‌وتنه‌كه له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ساڵی 2015 باشتر بێت.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه ئایا پێی وایه تره‌مپ ده‌یه‌وێت هێرش بكاته سه‌ر ئێران یاخود هه‌ڕه‌شه‌كان وه‌كو گوشار به‌كارده‌هێنێت، عێراقچی وتی، ناتوانم له‌وباره‌یه‌وه هیچ داوه‌رییه‌ك بكه‌م.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه پێشتر عراقچی وتویه‌تی له‌ماوه‌ی دو تا سێ رۆژدا ره‌شنوسێكی پێشنیاركراو بۆ رێككه‌وتن ئاماده ده‌كه‌ن، عراقچی وتی، ئێمه هێشتا خه‌ریكی كاركردنین له‌سه‌ر ئه‌و ره‌شنوسه و ده‌مانه‌وێت ره‌شنوسه‌كه نیگه‌رانییه‌كان بڕه‌وێنێته‌وه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌ردولای تێدا ره‌چاو كرابێت.
وتیشی، پێم وایه ئه‌گه‌ر پێنجشه‌ممه دوباره له‌گه‌ڵ ویتكۆف له جنێڤ كۆبوینه‌وه، توانیبێتمان ده‌قی ره‌شنوسێكی باشمان ئاماده كردبێت و بگه‌ینه رێككه‌وتنێكی خێرا. ئه‌مه تێڕوانینی منه‌و پێموایه ئه‌شتوانین به‌وه بگه‌ین.
