عێراق 51 داواکراو بە کەیسەکانی گەندەڵی لە دەرەوە دەگەڕێنێتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە،دەستەی دەستپاکی فیدراڵی، ڕایگەیاند کە 51 داواکراو بە کەیسەکانی گەندەڵی لە دەرەوەی عێراقەوە گەڕێنراونەتەوە.
محەمەد عەلی ئەللامی، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی فیدراڵی، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بە دەست ئاژانسی موتەڵع گەیشتووە، ڕایگەیاند: "دەستەی دەستپاکی فیدراڵی بە شێوەیەکی بەردەوام ھەوڵ دەدات بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی ڕادەستکردنی داواکراوان بە کەیسەکانی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی ئەو پارانەی کە بە قاچاخ براونەتە دەرەوە"، ھەروەھا ستایشی "ھەوڵی لایەنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە ھاوکارەکان"ی لەم بارەیەوە کرد.
ئەللامی، لە کاتی دیدارەکەیدا لەگەڵ بەڕێوەبەری گرووپی سوفان (عەلی سوفان)، ئاماژەی بە "ئەو دۆخانە کرد کە عێراق لە ماوەی قۆناغەکانی ڕابردوودا بەسەریدا ھاتوون و بوونەتە ھۆی زیانێکی زۆر بە ماڵی گشتی، و ھەوڵدانی ھەندێک لە داواکراوان بۆ قاچاخبردنی ئەو پارانەی کە لە تاوانەکانی گەندەڵییەوە بەدەستھاتوون بۆ دەرەوەی عێراق"، و ستایشی "ھاوکاری ھەردوو دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەری لەگەڵ دەستەکە لە ھەوڵەکانیان بۆ بەدواداچوونی داواکراوان و پارە تاڵانکراوەکان لە ھەموو گۆشەیەکی زەوی" کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەللامی، دووپاتی کردەوە کە "دەستەکە لە ماوەی ڕابردوودا توانیویەتی (51) داواکراو بە کەیسەکانی گەندەڵی لە دەرەوەی عێراق بگەڕێنێتەوە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، کە "لە چوارچێوەی دیدارەکەدا ڕێککەوتنێکی ھاوکاری لە نێوان دەستەی دەستپاکی فیدراڵی و گرووپی (سوفان) واژۆ کرا؛ بۆ بنیاتنانی ھاوبەشییەکی ستراتیژی و بەرزکردنەوەی توانای دامەزراوەیی دەستەکە لە بواری لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی یاسایی، و بۆ بەھێزکردنی ڕێکارەکانی گەڕاندنەوەی سەروەت و سامانە قاچاخکراوەکان بۆ دەرەوەی عێراق، جگە لە بنیاتنانی تواناکانی کارمەندانی دەستەکە، بە تایبەت لە بواری گۆڕانی دیجیتاڵی و تێکەڵکردنی تەکنەلۆژیا نوێیەکان لە کارەکانیان، بە شێوەیەک کە باشترین کارایی و توانای بەرز دابین بکات".
ئاماژەی بەوەشدا کە "ڕێککەوتنەکە چەندین بڕگەی لەخۆگرت لە بوارەکانی بەدواداچوون و گەڕاندنەوەی سەروەت و سامان و گەڕاندنەوەی سزادراوان، و ھاوکاری نێودەوڵەتی و دیپلۆماسی، و ڕاھێنان و بنیاتنانی تواناکان و گواستنەوەی زانیاری، و لێکۆڵینەوەی دارایی، جگە لە پێشکەشکردنی پشتگیری تەکنیکی و یاسایی لە بەدواداچوون و گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەی کە داواکراون و سەروەت و سامانە قاچاخکراوەکان".
ڕوونیشی کردەوە، کە "ڕێککەوتنەکە ئاماژە بە ھاوکاریکردنیش دەکات لە بنیاتنانی کەناڵەکانی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەستە خاوەن دەسەڵاتەکان و فەرمانگەکانی جێبەجێکردنی یاسا لە دەرەوەی عێراق، لەوانەش ئینتەرپۆلی نێودەوڵەتی، و بەشداریکردن لە داڕشتنی ڕێککەوتنامەی دوولایەنە لە نێوان ھەردوو لادا یان یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێودەوڵەتی؛ بۆ بەھێزکردنی ھاوکاری لە گەڕاندنەوەی سەروەت و سامان و داواکراوان".
ئاماژەی بەوەشدا کە "دیدارەکە گرنگی پەرەپێدانی شارەزایی کارمەندانی دەستەکەی لە مامەڵەکردن لەگەڵ نەرمەکاڵا و ئامێرە نوێیەکان لەخۆگرت؛ بۆ بەدواداچوونی جووڵەی پارە لە ڕێگەی سیستەمە بانکییە تەقلیدی و دیجیتاڵییەکانەوە، جگە لە ڕاھێنان لەسەر بەکارھێنانی بەرنامەکانی زیرەکی دەستکرد و بەرنامەی تایبەت بۆ ئاشکراکردنی بەڵگەنامە و نووسراوە ساختە و دەستکاری کراوەکان، و پەرەپێدانی شارەزاییەکانی لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە بە بەکارھێنانی شێوازە پێشکەوتووەکان بۆ ئاشکراکردنی فێڵ و شیکردنەوەی ڕەفتار".
