عێراق ئیدانەی تەقینەوە خۆكوژییەكەی پاكستان دەكات
ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی دەرەوە ئیدانەی تەقینەوە خۆكوژەكەی كرد كە حوسینییەكی پاكستانی كردە ئامانج.
لە بەیاننامەیەكدا كە لەلایەن وەزارەتی دەرەوە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووه، هاتووە: وەزارەتی دەرەوە شەرمەزاركردنی توندی خۆی بۆ تەقینەوە خۆكوژەكە دەردەبڕێت كە حوسینیەكی شاری ئیسلام ئابادی كۆماری ئیسلامیی دۆستی پاكستانی كردە ئامانج، كە ژمارەیەكی زۆر كوژراو و برینداری لێكەوتەوە.
وەزارەتی دەرەوە بەگوێرەی بەیاننامەكە هەڵوێستی كۆماری عێراقی لەگەڵ حكومەت و گەلی پاكستان لەم كاتە پڕ ئازارەدا دووپاتكردەوە و هەروەها سەرەخۆشی وهاوسۆزی دڵسۆزانەی خۆی بۆ كەس و كاری قوربانیان دەبڕی و هیوای زووچاكبوونەوە بۆ بریندارەكان خواست.
وەزارەتەكە دووپاتی ڕەتكردنەوەی یەكلاكەرەوەی خۆی لە هەموو جۆرەكانی توندوتیژی و تیرۆر كە شوێنەكانی پەرستن و كەسانی بێتاوان دەكاتە ئامانج، جەختی لەسەر گرنگی بەهێزكردنی هاوكاری نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و نەهێشتنی سەرچاوەكانی كردەوە.
