عێراق بە پلانەکانی گەشەپێدان بەرەو پێشەوە دەڕوات: پڕۆژەی نوێ لە بواری پیشەسازی، نیشتەجێبوون، و خزمەتگوزارییەکان
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە و دەستپێکردنی پڕۆژەی نوێ لە کەرتە جیاوازەکاندا کرد.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە،سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکایەتی کۆبونەوەی ئاسایی لیژنەی باڵای وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوەی کرد، و تێیدا پێداچوونەوە بە بڕگەکانی بەرنامەی کار کرا و بڕیاری پێویست لەو بارەیەوە درا.
وتیشی لە میانەی کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر چاودێریکردنی بەڕێوەچوونی کارەکان و تەواوکردنی پڕۆژەکان لە ماوەی دیاریکراودا کرا و بەڕێزیان تیشکی خستە سەر گرنگی بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیژی و گەشەپێدان و خزمەتگوزاری لە سەرانسەری وڵاتدا، بەپێی پلانی بەرنامەی حکومەت، بە مەبەستی بەدەستهێنانی گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی لە خزمەتگوزارییەکان و باشترکردنی ژینگەی وەبەرهێنان.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا چەند پڕۆژەیەک کە لە بەرنامەکەدا هاتبوون تاوتوێ کران، جگە لە دەستپێکردنی پڕۆژەی نوێ لە کەرتە جیاوازەکاندا، بەتایبەتی پیشەسازی و نیشتەجێبوون، و خزمەتگوزارییەکان.
