عێراق تیمێکی نیشتمانی پێکدەهێنێت بۆ باشترکردنی ڕێژەی قەرزەکانی و پتەوکردنی ئاستی سەرنجڕاکێشی وەبەرهێنانەکەی
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئاراستەی پێكهێنانی تیمێكی هاوبەشی نیشتمانی كرد بۆ باشتركردنی ڕێژەی قەرزەکانی عێراقی.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كەدەستی موتەڵع کەوتووە، دەڵێت: لەگەڵ هەوڵەكانی حكومەت بۆ بەهێزكردنی پێگەی دارایی و ئابووری عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئاڕاستەی پێكهێنانی تیمێكی نیشتمانی هاوبەشی كرد، بە سەرۆكایەتی پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق، لەگەڵ نوێنەرانی وەزارەتەكانی (دارایی و نەوت و پلاندانان) و هەروەها دامەزراوە ئابوری و داراییە پەیوەندیدارەكان و نوسینگەی سەرۆك وەزیران و دەستەی كاغەزە داراییەكان و نوێنەرانی كەرتی بانكی عێراقی.
بەیاننامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە: ئەم تیمە نیشتمانییە كاردەكات بۆ پەرەپێدانی ستراتیژییەكی یەكگرتوو كە ئامانجی ڕوون و پێوانەكراو لەخۆدەگرێت، ڕاپۆرتی خولیی پێشكەش بە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات، هەروەها هەماهەنگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەزگا گەورەكانی هەڵسەنگاندنی قەرزەکانی نێودەوڵەتی بەتایبەتی (Fitch, S&P, Moodys) دەكات، بە ئامانجی باشتركردنی ڕێژەی قەرزی سەروەری عێراق. هەروەها تیمەكە گرنگییەكی تایبەت دەدات بە بەهێزكردنی ئامرازەكانی حوكمڕانی، بەڕێوەبردنی مەترسییە داراییەكان، و پەرەپێدانی ژینگەی بازرگانی بەگوێرەی پلانەكانی چاكسازی ئابووری حكومەت.
رونیشیكردەوە: ئەم ڕێنماییە لە چوارچێوەی دیدگای حكومەتدا دێت بۆ گرتنەبەری ستراتیژێكی تۆكمەی نیشتمانی بە ئامانجی باشتركردنی ڕیزبەندی قەرزەکانی سەروەری عێراق، بەشداریكردن لە بەهێزكردنی متمانەی نێودەوڵەتی بە ئابووری نیشتمانی و كردنەوەی ئاسۆی فراوانتر بۆ وەبەرهێنانی دەرەكی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ. بەگوێرەی بەیاننامەكە، حكومەت دووپاتیكردەوە: ئەم هەنگاوە نوێنەرایەتی پابەندبوونێكی ڕوون دەكات بە ڕێبازی چاكسازییەكەی و پابەندبوونی بە گەیشتن بە سەقامگیری ئابووری، پاڵپشتیكردنی سەقامگیریی سیستەمی دارایی، و دابینكردنی ژینگەیەكی سەرمایەگوزاری سەرنجڕاكێش كە بەشدارە لە هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهات و كەمكردنەوەی پشتبەستن بە نەوت وەك تاكە سەرچاوەی سەرەكی.
