عێراق خۆی بۆ پێداچوونەوەی نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ ئامادە دەکات... و وەزیری داد دەستکەوتەکانی دووپات دەکاتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە, خالید شوانی، وەزیری داد، جەختی کردەوە کە عێراق پێشکەوتنێکی بەرچاوی لە چەندین مەلەفی مافی مرۆڤدا بەدەستھێناوە، ئەمەش پاڵپشت بەو چاکسازییە یاسایی و دامەزراوەییانەی کە لە قۆناغی ڕابردوودا ئەنجامدراون.
وەزارەتی داد لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەست ئاژانسی هەواڵی موتەڵع کەوتووە، ڕایگەیاند: "خالید شوانی، وەزیری داد، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی لیژنەی نیشتمانیی تایبەت بە ئامادەکردن و نووسینی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی کرد، بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئامادەکارییەکانی وەفدی عێراق بۆ بەشداریکردن لە خولی هەشتەمی پێداچوونەوەی دەوری لەبەردەم ئەنجومەنی مافی مرۆڤ لە جنێف، کە تایبەتە بە هەڵسەنگاندنی پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی کۆماری عێراق لە بواری مافی مرۆڤدا".
ئاماژەی بەوەش کرد: "لە کۆبوونەوەکەدا ئاستی جێبەجێکردن لە ئامادەکردنی ڕاپۆرتی نیشتمانی خرایە ڕوو، لەگەڵ پێداچوونەوە بە تەوەرەکانی هەڵسەنگاندنەکەدا، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە یاسا نیشتمانییەکان، سیاستەکانی حکومەت، و ئەو ڕێکارانەی بۆ بەهێزکردن و پاراستنی مافی مرۆڤ گیراونەتە بەر، بە شێوەیەک کە لەگەڵ پێوەر و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکاندا بگونجێت".
وەزیر جەختی کردەوە کە: "عێراق پێشکەوتنێکی بەرچاوی لە چەندین مەلەفی مافی مرۆڤدا بەدەستھێناوە"، و جەختیشی کردەوە لەسەر "گرنگی نیشاندانی وێنەیەکی ورد و شەفاف کە ڕەنگدانەوەی هەوڵە نیشتمانییەکان و ئاستەنگەکان بێت، بە ڕۆحێکی بەرپرسیارانە و هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا".
شوانی وتیشی: "بەشداریکردنی عێراق لەم پێداچوونەوەیەدا دەرفەتێکی گرنگە بۆ نیشاندانی گەشەسەندنە ئەرێنییەکان و بەهێزکردنی متمانەی نێودەوڵەتی، و سوودوەرگرتن لەو پێشنیارانەی کە دەبنە هۆی پشتگیریکردنی ڕێڕەوی چاکسازی و چەسپاندنی بنەماکانی مافی مرۆڤ".
لە کۆتاییدا جەختی کردەوە لەسەر "گرنگی تەواوکردنی زانیاری و داتاکان و هەماهەنگی نێوان وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، بە جۆرێک کە ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی پیشەیی مسۆگەر بکات کە ڕەنگدانەوەی پابەندیی عێراق بێت بە بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی و پێگەی وڵات لە کۆمەڵگەی جیهانیدا بەهێزتر بکات".
