عێراق دۆسیەیەکی نێودەوڵەتیی بردەوە و لە پێدانی 120 ملیۆن دۆلار ڕزگاری بوو
ئەمرۆ یەکشەممە ، وەزارەتی دادی عێراق ڕایگەیاند، توانیویانە لە دادگاکانی ئەمەریکا سەرکەوتن بەسەر کۆمپانیایەکی ئەمەریکیدا بەدەست بهێنن و عێراق لە دانی بڕە پارەیەکی زۆر ڕزگار بکەن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی داد، کە دەستی ئاژانسی هەواڵی موتەڵع کەوتووە،تیایدا هاتووە : وردەکاریی دۆسیەکە بریتی بوو
لە لایەنی سکاڵاکار،کە کۆمپانیای (Y-Oak)ـی ئەمەریکی بوو ، بەهۆی گرێبەستێکی پێشووەوە، سکاڵای لەسەر حکومەتی عێراق و وەزارەتی بەرگری تۆمار کردبوو،تیایدا لە ساڵی 2019 دادگای ئەمەریکا بڕیاری دابوو عێراق زیاتر لە 120 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو و سوود (فائیز) بداتە کۆمپانیاکە.
وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە : بڕیاری کۆتایی دوای تانەدان لەلایەن تیمی یاسایی عێراقەوە، لە بەرواری 16-9-2025 دادگا بڕیارەکەی لە بەرژەوەندیی عێراق یەکلا کردەوە و بڕیاری پابەندکردنی عێراقی بە دانی ئەو پارەیە هەڵوەشاندەوە.
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە : وەزارەتی داد ئەم بڕیارەی بە دەستکەوتێکی یاسایی گەورە بۆ پاراستنی سامانی گشتی وەسف کردووە.
