عێراق دەبێت لەگەڵ تورکیا ڕێکبکەوێت و بوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان کۆتایی پێبهێنن
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی ماوە بۆ درێژکراوی هەرمی کورستان لەچاوپێکەوتنێکی لە بەرنامەی تارگێتی کەناڵ8 گوتی، “پێویستە لەسەر پەکەکە پاساو نەداتە دەست تورکیا تاوەکو بڕواتە ئەو گوندانەی کە هیچ پەیوەندییەکیان پەکەکەوە نییە”.
پارتی کرێکارانی کوردستان، بەگوتەی پێشەوا هەورامانی "بووەتە هۆی دەربەدەرکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان، ئەگەر تورکیا پاساوی پەکەکەی نەبێت نایەتە هەرێمی کوردستان".
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کورستان باس لەوە دەکات، "پێویستە حکومەتی عێراق سەروەریی خاکەکەی بپارێزێت و ئەو گرووپانەی پاساویان داوەتە دەست تورکیا بکاتە دەرەوە"، ئەوەش بە ئاماژە بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان.
پێشەوا هەورامانی داوا لە حکومەتی عێراق دەکات، گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی تورکیادا بکەن و "بیانووی بوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان کۆتایی پێبهێنن".
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "پێویستە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان هێزەکانی پێشمەرگە یاخود پاسەوانی سنووری عێراق هەبن، تاوەکو سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق نەبنە شوێنی یەکلاکردنەوەی کێشەکان".
