عێراق سەرۆكایەتی 49ـەمین دانیشتنی وەزیرانی گرووپی 77 و چین لە نیویۆرك دەكات
ئەمڕۆ چوارشەممە، فوئاد حسێن جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە، سەرۆكایەتی 49ەمین كۆبوونەوەی وەزاری گروپی 77 و چینی كرد، كە لە پەراوێزی 80هەمین دانیشتنی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك بەڕێوەچوو.
وەزارەتی دەرەوە لە بەیاننامەیەكدا بڵاویکرەوە: فوئاد حسێن جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە، سەرۆكایەتی 49ەمین دانیشتنی وەزاری گروپی 77 و چینی كرد، كە لە پەراوێزی 80ەمین خولی كۆبوونەوەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە نیویۆرك بەڕێوەچوو. لە كۆبوونەوەكەدا ئانالینا بیربۆك سەرۆكی خولی 80ی كۆبوونەوەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان و ئامینە محەمەد جێگری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بە بەشدارییەكی بەرفراوانی وەزیران و نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام بەشداربوون.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە، حسێن لە وتارەكەیدا بە بەخێرهاتنی ئامادەبووان دەستپێكردووە، شانازی عێراقی بە سەرۆكایەتیكردنی كۆبوونەوەكانی گروپەكە بۆ ساڵی 2025 دەربڕی، و جەختیكردەوە: لە پابەندبوونی بە بەردەوامبوون لە ڕێبازی كردەوەی دەستەجەمعی و یەكڕیزی و هەماهەنگی كە زیاتر لە شەش دەیە تایبەتمەندی گروپەكەیەو بە بەرز نرخاندنی ئەو متمانەیەی كە وڵاتانی ئەندام لە عێراقدا داناوە بۆ بەڕێوەبردنی كارەكانی گروپەكە لەسەر ئەوەی كە خۆی وەك قۆناغێكی سەرەكی لە مێژووی سیستەمی نێودەوڵەتیدا وەسف دەكرێت.
وتیشی: كۆبوونەوەی ئەمساڵ گرنگییەكی تایبەتی هەیە، بەو پێیەی لەژێر تەوەری: "كاری بەكۆمەڵ بۆ گەشەپێدانی بەردەوام: پێشخستنی ئەولەویەتەكانی باشووری جیهانی لە چوارچێوەی یادی 80 ساڵەی نەتەوە یەكگرتووەكاندا"، ئاماژەی بەوەشكرد: ئەم بۆنەیە نوێنەرایەتی دەرفەتێك دەكات بۆ هەڵسەنگاندن و لە هەمان كاتدا، بانگەوازێكی نوێكراوە بۆ بەهێزكردنی هاوكاری نێودەوڵەتی بۆ بەهێزكردنی هاوكارییە نێودەوڵەتییەكان.
لە درێژەی بەیاننامەكەدا هاتووە، حسێن باسی لە دیارترین پرسە جیهانییە هەنووكەییەكان كرد، دیارترینیان گۆڕانی كەشوهەوا، قەیرانە ئابووری و داراییەكان، پەرەسەندنی بۆشایی دادپەروەری كۆمەڵایەتی، و تەحەددیاتی تەندروستی، جەختیشیكردەوە: ئەم قەیرانانە تەنیا لە ڕێگەی هاودەنگی و كردەوەی بەكۆمەڵەوە دەتوانرێت چارەسەر بكرێن، هەروەها دەنگی باشووری جیهانی بەپەلەتر و كاریگەرتر بووە.
لای خۆیەوە ئانالینا بیربۆك ڕۆڵی گروپی 77 و چینی بەرز نرخاند و جەختیكردەوە: كە 135 وڵاتی ئەندامەكەی نوێنەرایەتی گەورەترین بلۆكی دانوستانكار لە نەتەوەیەكگرتووەكان، نوێنەرایەتی نیوەی دانیشتوانی جیهان دەكات، نوێنەرایەتی دەنگی وڵاتانی تازەپێگەیشتووی جیهان دەكات و هەوڵەكانیان بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی گەشەپێدانی بەردەوامی 2030، پەرەپێدانی بیرۆكەكان بۆ گەیشتن بە چارەسەری كۆنكرێتی كە خزمەت بە هەموو وڵاتان دەكات.
هاوكات ئامینە محەمەد جێگری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، پیرۆزبایی لە عێراق كرد بەبۆنەی سەرۆكایەتیكردنی گروپەكە و جەختیكردەوە: لە گرنگی گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام، چاكسازی لە پێكهاتە داراییە جیهانییەكان، هەروەها پێویستی گواستنەوە بۆ وزەی نوێبووەوە وەك بژاردەیەكی ستراتیژی بۆ ئایندەیەكی باشتر و بەردەوامتر.
