عێراق و سویسرا بۆ بەرەوپێشبردنی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی لیژنەکانی دۆستایەتی پەرلەمان کۆدەبنەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمان پێشوازی لە مایا ڕێنیکەر سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی سویسرا و بەڕێز ئیگناسیۆ کاسیس وەزیری دەرەوەی سویسرا و شاندی یاوەری کرد. لە کۆبوونەوەکەدا، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەفوان جەرجاری سکرتێری گشتیی پەرلەمان ئامادەی بوون.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمان کەدەستی موتەڵع کەوتووە مەشهەدانی بەخێرهاتنی شاندی سویسری کرد و ستایشی پەیوەندییە پتەوەکانی نێوان عێراق و سویسرای کرد و جەختی لەسەر گرنگی پتەوکردنی هاریکاری لەبوارەکانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کردەوە. دووپاتی کردەوە کە کردنەوەی باڵیۆزخانەی سویسرا لە بەغدا هەنگاوێکی ئەرێنییە بەرەو فراوانکردنی هاوبەشی دووقۆڵی، خواستی عێراقی دەربڕی بۆ ڕاکێشانی کۆمپانیا سویسریەکان بۆ وەبەرهێنان و بەشداریکردن لە بوژاندنەوەی کەرتە ئابوورییەکان و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان.
لای خۆیەوە خاتوو ڕێنیکەر شانازیی سویسرای بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق دەربڕی و خواستی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە بۆ فراوانکردنی هاوکارییە ئابووری و وەبەرهێنانەکان و پاڵپشتیکردنی کۆمپانیا عێراقییەکان و چالاککردنی هاوکاریی پەرلەمانی لە ڕێگەی لیژنە هاوبەشەکانی دۆستایەتییەوە.
لای خۆیەوە وەزیر ئیگناسیۆ کاسیس جەختی لەوە کردەوە کە سویسرا عێراق بە هاوبەشێکی سەرەکی دەزانێت لە ناوچەکەدا، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ فراوانکردنی هاوکارییەکان لەمەڕ پرسەکانی گەشەپێدان و ئابووری دەربڕی.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە لە "گرنگی بەردەوامی گفتوگۆی نێوان هەردوو پەرلەمان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەسەر هەموو ئاستەکان، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەل بکات و سەقامگیری و هاریکاریی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بەرز بکاتەوە".
