عێراق ڕۆژی ٤ی ئازاری وەک ڕۆژی نیشتمانیی کارگێڕی دیاری دەکات
ئەمڕۆ شەممە"محەمەد شیاع سوودانی"سەرۆکوەزیرانی عێراق، 4ی ئاداری وەک ڕۆژی نیشتمانیی کارگێڕی بازرگانی دیاریکرد و ڕایگەیاند، دەستپێشخەریی "ڕیادە" زیاتر لە نیو ملیۆن گەنجی گرتۆتەوە، ئاماژەی بەوەشدا، ئەم دەستپێشخەرییە دەگۆڕێت بۆ دامەزراوەیەک بۆ چاودێریکردنی پەیوەندی نێوان گەنجان و لایەنە داراییەکان.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیران،کە دەستی موتەڵع کەوتووە،تیایدا هاتووە : "محەمەد شیاع سوودانی" سەرۆکوەزیران، بەشداری دووەمین کۆنفرانس و پێشانگای دەستپێشخەریی (ڕیادە)ی لە بەغداد پایتەخت کرد.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : سەرۆکوەزیران لە سەرەتای وتاری کۆنفرانسەکەدا ڕایگەیاند : 4ی ئادار وەک ڕۆژی نیشتمانیی کارگێڕی بازرگانی دیاریدەکات، بۆ چەسپاندنی چەمکی دەستپێشخەریی (ڕیادە) لە چوارچێوەیەکی دامەزراوەییدا، کە لە گەڵ بەرنامەی حکومەتدا بۆ پشتگیریکردنی کەرتی تایبەت و ئەو هەلانەی کە ئەم دەستپێشخەرییە بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت،و جێبەجێ دەکرێت، هەروەها سوپاسی هەوڵەکانی بەڕێوەبەران و لایەنە بەشداربووەکانی کرد.
وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە : سەرۆکوەزیران ستایشی "ڕۆڵی گەنجان"ی کرد لە هێنانی ئاواتەکانیان بۆ دروستکردنی هەلی کار و بنیاتنانی هیوا بە دیدگایەکی ڕاستەقینەی داهاتوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددیاتەکان.
ئاماژەی بەوەشدا کە بنەمای سەرکەوتنی ئەم دەستپێشخەرییە هاوکارییە لەگەڵ کەرتی تایبەت، چونکە چاوەڕوان دەکرێت ئەم پڕۆژە بچووکانە ببنە پڕۆژەی گەورە و سوودمەندتر.
سەرۆک وەزیران ڕاشیگەیاند : (ڕیادە) هەنگاوێکی گرنگی چاکسازیی ئابوورییە لە چوارچێوەی بەرنامەی حکومەت و خاڵی وەرچەرخانە بەرەو پشتگیریکردنی کەرتی تایبەت و وەبەرهێنانی تواناکانی گەنجان، بەتایبەتی کە ئەم دەستپێشخەرییە، زیاتر لە نیو ملیۆن گەنجی ڕاکێشاوە و ڕێژەی مێینە لە نێو داواکاراندا نزیکەی 27% بووە.
وتیشی: ئەم ژمارە زۆرەی گەنجان نیشانەی سەرکەوتن و بەرهەمداری ئەنجامەکانە، کە سەلمێنەری قەبارەی ئەو بەرپرسیارێتییەیە کە لە جێبەجێکردنی ئاوات و ئاراستەکانی ئەم گەنجانەدا لە ئەستۆمانە.
سەرۆکوەزیران، هەر لە میانی ڕێوڕەسمەکەدا روونیکردەوە : ئەم کۆنفرانسە وێستگەیەکە بۆ پێداچوونەوە بە کاری گەنجان و گوێگرتن لە پێشنیازەکانیان بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم کارەکانیان.
جەختیشی کردەوە کە ئێمە سوورین لەسەر وەرگرتنی زۆرترین ژمارەی کچانمان و پشتگیریکردنیان لە دەستپێشخەریی ڕیادە لە ڕێگەی ڕاهێنان و قەرزەوە، چونکە ڕێژەی بێکاری لە نێو ژناندا زیاترە.
لەدرێژەی ووتارەکەیدا سەرۆک وەزیران وتی: ئەم دەستپێشخەرییە دەگۆڕێت بۆ دامەزراوەیەک بۆ چاودێریکردنی پەیوەندی نێوان گەنجان و لایەنە داراییەکان و بانکەکان و ئەو دامەزراوانەی کە لە ڕاهێنان و پشتگیریی هونەریدا بەشدارن.
هەروەک ووتیشی: پیرۆزبایی لە بانکەکان و دامەزراوە داراییەکان، بەتایبەتی بانکی ناوەندی دەکەین بۆ کارلێکی ئەرێنییان لە سەرخستنی دەستپێشخەریی ڕیادە.
سەرۆکوەزیران دووپاتی کردەوە : کە کار بۆ ئامادەکردنی ژینگەیەکی گونجاو دەکەن بۆ کوڕ و کچەکانمان کە دەچنە بازاڕی کارەوە، هەروەها بۆ باشترکردنی تواناکانیان و زیادکردنی تێکەڵبوونیان لە تەکنەلۆجیای دیجیتاڵی و بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشنە نوێیەکان و مامەڵە بانکی و داراییەکان.
ئەوەشی خستەڕوو : ئەم دەستپێشخەرییە پەرەی سەند بۆ پرۆگرامی ڕاهێنان لە ڕێگەی فێرکردنی چەمکی کارگێڕی بازرگانی لە 80 ئامادەیی پیشەییدا، و ئەم ئەزموونە بڵاودەکرێتەوە بۆ سەرجەم ئامادەییەکانی دیکە، هەروەها زانکۆکان، کە (ڕیادە) وەک هۆشیاربوونەوەیەکی گەنجانەیە کە عێراق بەرەو ئاسۆیەکی باشتر دەبات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددیاتە ئابوورییە خێراکان.
ئاماژەی بەوەشدا : بەرنامەی حکومەت بایەخێکی ڕوونی بە چاکسازیی واقیعی ئابووری داوە لە ڕێگەی پشتگیریکردنی کەرتی تایبەت، و جەختیشی کردەوە کە هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت، پایەیەکی سەرەکییە لە گۆڕینی قەیرانەکان بۆ دەرفەت و کەمکردنەوەی ئازاری هاوڵاتیان و چارەسەرکردنی کێشەکان لە سێکتەرە جیاوازەکاندا، هەروەها لە توانای وەرگرتنی هەلی کاری ساڵانەدا.
لە کۆتاییدا قسەکانیدا سەرۆک وەزیران وتی: دەستپێشخەریی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ کردنەوەی بەشی کارگێڕی بازرگانی لە بەشی زانستییەکان لە زانکۆکان، دەستپێشخەرییەکی گرنگە بۆ لەخۆگرتنی بیرۆکە نوێیەکان و هاندانی گەنجان.
