عێراق ڕێکارەکانی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە بۆ 70 کۆچبەری نایاسایی لەلیبیاوە تەواو دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە، باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، تەواوکردنی ڕێکارەکانی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی بۆ 70 هاوڵاتی عێراقی ڕاگەیاند کە بە شێوەیەکی نایاسایی چووبوونە ناو خاکی لیبیاوە.
ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەکە بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمی کەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند: "ڕێکارەکانی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە بۆ 70 کۆچبەری عێراقی تەواو کراوە کە بە شێوەیەکی نایاسایی چووبوونە ناو خاکی دەوڵەتی لیبیا."
ئاماژەی بەوەش کرد، "هەوڵەکان بە چڕی بەردەوامن بۆ بەدواداچوون بۆ چارەنووسی دەیان کەسی تر لە ناوچە جیاجیاکان،" ڕوونیشیکردەوە کە "باڵیۆزخانەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی لیبیا کار دەکات بۆ ناسینەوەی چارەنووسیان و ڕادەستکردنیان بە سەنتەرەکانی پەناپێدانی پەیوەندیدار، تاوەکو دواتر دەست بکرێت بە ڕێکارەکانی گەڕاندنەوەیان بۆ عێراق بە ئارەزووی خۆیان."
سەحاف ڕوونی کردەوە کە "تۆڕەکانی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن بە مرۆڤ بەردەوامن لە خەڵەتاندنی گەنجانی عێراقی،" ئاماژەی بە چڕکردنەوەی هەوڵەکان کرد بۆ سنووردارکردنی لێشاوی کۆچبەران لە ڕێگەی لیبیاوە و جارێکی تر داوای لە خێزانەکان کرد کە ڕێگە نەدەن ڕۆڵەکانیان خۆیان بخەنە ناو مەترسییەکانی کۆچی نایاساییەوە.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد، "باڵیۆزخانەکە هاوکاری کۆچبەران دەکات بۆ ئەوەی پەیوەندی بە خێزانەکانیانەوە بکەن، هەروەها خۆراک و دەرمانیان بۆ دابین دەکات."
