عێراق گەمارۆی سەر غەززە شەرمەزار دەکات و داوای کردنەوەی دەستبەجێ دەروازەی فریاگوزاری دەکات
حکومەتی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرکۆنەی ئەو گەمارۆ دڕندانەی بەردەوامی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر خەڵکی کەرتی غەززە دەربڕی و داوای کۆتایی هێنان بە سیاسەتی برسێتی و هاتنە ناوەوەی بەپەلەی کەرەستەی فریاگوزاری کرد.
باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند:-حکوومەتی عێراق سەرکۆنە و ڕەتکردنەوەی ئەو گەمارۆ دڕندانە بەردەوامەی هێزە داگیرکەرەکان لە دژی هاوڵاتیان لە کەرتی غەززە دووپات دەکاتەوە، کە بەشێکە لە سیاسەتێکی سیستماتیک و نامرۆڤانەی برسیکردنی گەلی فەڵەستینی زیان لێ کەوتوو.
وتیشی :دیمەنەکانی منداڵانی برسی کە لە ڕیزدا وەستاون بۆ بەدەستهێنانی خۆراک، و وێنەی پاڵ بەیەکەوە نانی ژنان و پیاوان لەبەردەم بارهەڵگرە کەمەکانی یارمەتیدان، کە بوونەتە تەڵەی مردن و هێزە داگیرکەرەکان بەکاریدەهێنن، گوزارشت لە پراکتیزە نا ئەخلاقییە قێزەونەکان دەکەن، کە داوای دەستێوەردانی بەپەلەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ لابردنى گەمارۆ و گەیاندنی پێداویستییە فریاگوزارییەکان بۆ زیان لێکەوتوان.
عەوادی ئاماماژەی بەوەکرد:- وڵاتانی زلهێز و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوەکان لە ئێستادا لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەدان لە بەهێزکردنی سەروەری یاسا و بەردەوامیدان بە ئاشتی و بەرگریکردن لە ماف و شکۆی مرۆڤ، بۆیە حکومەتی عێراق داوای کۆتایی هێنان بە سیاسەتی برسێتی لە دژی خەڵکی غەززە دەکات، و دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان فشار بخەنە سەر سیاسەتمەدارانی قەوارەی زایۆنی بۆ ئەوەی بەپەلە ڕێگە بە گەیاندنی کەرەستەی فریاگوزاری بۆ خەڵکی غەززە بدەن.
