عێراقچی: ئەمریكاو ئیسرائیل لە پشت ئاژاوەكانی ئێستای ئێرانەوەن
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەگەری هێرشی دیكەی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆسەر وڵاتەكەی بەدوردەزانین، هەروەها ئەوانیش تۆمەتبار دەكات بەوەی لە پشت ناڕەزاییەتەیەكانی ئەو وڵاتەوەن كە بە "ئاژاوە" وەسفی دەكان، هاوكات دەشڵێت، "سبەی وەزیری دەرەوەی عومان دەگاتە ئێران و نازانم پەیامێک لەگەڵ خۆی دەهێنێت یان نا".
عەباس عێراقچی، ئەمڕۆ هەینی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا دوای كۆبونەوەی لەگەڵ نەبیح بێری، سەرۆكی پەرلەمانی لوبنان ڕایگەیاند، ئەگەری هێرشی دیكەی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران بە دوردەزانن.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر جارێكی دیكە ئەمریكا و ئیسرائیل هێرش بكەنەوە، شكستێكی دیكە ڕوبەڕویان دەبیتەوە هاوشێوەی ئەوەی پێشو، هەروەها ئەو دو وڵاتە تۆمەتبار دەكات بەوە لە پشت "ئاژاوەكانی" ئەو وڵاتەوەن.
عێراقی لەبارەی سەردانەكەی سبەی بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومانیش دەڵێت، "نازانم سبەی وەزیری دەرەوەی عومان پەیامێک لەگەڵ خۆی دەهێنێت یان نا".
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە ڕاپۆرتەكانی ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ، باس لە کوژرانی دەیان کەس دەکەن لە ماوەی 12 ڕۆژی ڕابردوی خۆپیشاندانەكانی ئێراندا، لە نێوانیاندا مێرمنداڵ هەن، هەروەها گرتە ڤیدیۆییەکان بەکارهێنانی گوللـەی ڕاستەقینە بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران نیشاندەدەن.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتییە پچڕپچڕەکان لە تاران و چەند شارێکی دیکە بەردەوامە؛ بازاڕەکان مانیان گرتوە و بڵاوەی هێزە ئەمنییەکان لە شەقامەکاندا چڕ بوەتەوە. هەروەها لە شەوی ڕابردوەوە باس لە پچڕانی ئینتەرنێت لە سەرتاسەری ئێران دەكرێت.
