عێراق...گەڕاندنەوەی 30 ملیار دیناری بەهۆی تاوانێکی فێڵکاری داراییەوە ڕاگەیەندرا
ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجومەنی باڵای دادوەری گەڕاندنەوەی 30 ملیار دیناری بەهۆی تاوانێکی فێڵکاری داراییەوە ڕاگەیاند.
ئەنجومەنەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، ڕایگەیاند: "دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخی دووەم، بڕی 30 ملیار دیناری عێراقی بەهۆی تاوانێکی فێڵکاری داراییەوە گەڕاندەوە"، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە "بڕە پارەکە لە یەکێک لەو کۆمپانیایانە وەرگیراوەتەوە کە یاسایان پێشێل کردووە بۆ دەستکەوتنی جیاوازی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار لە ڕێگەی گواستنەوەی پارە بۆ دەرەوەی وڵات بە شێوازی فێڵکاری".
ڕاگەیەندراوەکە ڕوونی کردەوە کە "دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخی دووەم، بە هەوڵێکی زۆر و بە سەرپەرشتی دادوەری یەکەمی دادگاکە ئەم بڕە پارەیەی گەڕاندەوە"، جەختیشی کردەوە کە "ئەم هەوڵانە بەردەوامن بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کۆمپانیایانەی دیکە کە پەیڕەوی شێوازێکی پێچەوانەی یاسا دەکەن بۆ بەدەستهێنانی قازانجی زۆر، بە شێوەیەک کە زیان بە سامانی گشتی دەگەیەنێت".
