عەبدولڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵیدا پەیامێکی ئاڕاستەی تورکیا و گەلی کورد نارد
عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئورفا کە دەکاتە برازای عەبدولڵا ئۆجەلان، لە بەراوری 23ی تشرینی یەکەم لە چوارچێوەی دیدارێک لەگەل عەبدولڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمرالی دیداری کرد.
عەبدولڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، پاش 43 مانگ لە بێدەنگی و بێ هەواڵیدا، لە دیداری عومەر ئۆجەلانی برازای پەیامێکی نارد و جەختی کرد کە ئەگەرچی پاوان و ئابڵۆقەدان لەدژی ئەو بەردەوامە، بەڵام لە ئەگەری گونجاوبوونی هەلومەرج، توانای تیۆری و پراتیگیی هێنانە ڕۆژەڤی سیاسی و یاسایی ڕەوتی چارەسەریی کێشەی کوردی بەدوور لە توندوتیژی هەیە.
عەبدولڵا ئۆجەلان لە پەیامێکی نوێدا ڕایگەیاند کە ئەگەر هەلەکە گونجاو بێت توانای هێنانە شەڕی چەکداری بۆ سیاسی و یاسایی ڕەوتی چارەسەریی کێشەی کوردی بەدوور لە توندوتیژی هەیە.
زانیاری زیاتر...
لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی 2024 دۆخێکی نوێی سیاسی لە تورکیا هاتووتە ئاراوە، ئەوەش دوای ئەوە هات یەکی ئەم مانگە و لە رێورەسمی دەستپێکردنی ساڵی نوێی یاسادانان لە پەرلەمانی تورکیا، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی مەهەپەی ڕەگەزپەرستی تورکیا چووە لای تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی کوردی (هەدەپە) و پەرلەمانتارانی ئەو پارتە و تەوقەی لەگەڵ کردن و هەواڵی پرسین.
ئەو تەوقەیە باخچەلی لەگەڵ پەرلەمانتارانی دەم پارتی، مشتومڕێکی گەورەی لە میدیا ناوخۆییەکانی تورکیا درووستکرد، هەر بەوپێیە باخچەلی ڕایگەیاند: "لە سیاسەتدا هیچ شتێک نییە کە نەتوانین لەگەڵ کەس و لایەنێک گفتوگۆی لەسەر نەکەین و چارەسەری نەکەین، پەیوەندی سیاسییمان، شێوازی ڕەق یان نەرممان پەیوەست نییە بە کەسایەتی یەک بە یەکی تاکەکان، بەڵکو سنووردارە بە بیرۆکە و تواناکانی بیرکردنەوەیانەوە".
سەرۆکی پارتی مەهەپەی تورکی ڕەگەزپەرست ئاماژەی بەوەکرد کە وەک ئاشتی سەردانی ڕیزی دەم پارتی باکووری کوردستان کرد و دەستی بۆ تەوقەکردن لەگەڵیاندا درێژ کرد، گوتیشی: "ئەو دەستەی بۆ تەوقەکردن درێژم کرد، پەیامی یەکڕیزیی نەتەوەیی و برایەتیمانە، چرای ڕووناکییە کە وەک مەشخەڵی یەکەم پەرلەمان و گوتارە بەهێزەکەی بەڕێز سەرکۆمارمان دەدرەوشێتەوە، هیوا و داواکاریە کە دەڵێت وەرن ببنە پارتی تورکیا، ڕووبەڕووی تیرۆر ببنەوە، وەرن برایەتی هەزار ساڵە بچەسپێنن، ئێمە لە خۆوە بێ بەهایانە، بەبێزاری و لە پڕو بێ بیرکردنەوە دەست بۆ تەوقە کردن درێژ ناکەین. ئێمە بەبێ هۆکار سڵاو و تەوقە ناکەین".
تاوەکو ئێستاش بەرپرسانی تورکیا و پەکەکە هیچ لێدوانێکی ئاشکرایان لەبارەی هەواڵی دەستپێکردنی گفتوگۆکانی نێوان عەبدولڵا ئۆجەلان و حکومەتی تورکیا و بەرپرسانی قەندیل نەداوە.
كلمات مفتاحية
- عەبدولڵا ئۆجەلان
- باکووری کوردستان
- عومەر ئۆجەلان
- پەرلەمانی تورکیا
- پەکەکە
- پارتی کرێکارانی کوردستان
- دەم پارتی
