عەراقچی: ئێرانییەکان "دکتۆرا"یان هەیە لە تێپەڕاندنی سزاکانی ئەمریکا
عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، نزیکەی 45 ساڵە ڕوبەڕوبونەوەی سزاکانی ئەمریکا دەبینە و "دکتۆرا"یان بەدەستهێناوە لە تێپەڕاندنی ئەو سزایانەدا. وتیشی، "لێکگەیشتنێکی گەورە هەیە لە نێوان ئێران و ڕوسیا لە پرسە نێودەوڵەتییەکاندا، هەڵوێستەکانمان یەکگرتوە بەرامبەر سیاسەتە تاکلایەنەکانی ویلایەتە یەکگرتوەکان".
عەباس عەراقچی، لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ مۆسکۆ سەردانی زانکۆی MGIMO (زانکۆی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا)ی کرد و لەگەڵ مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆکە کۆبوەوە و لە وتارێكدا جەختی لەسەر هەماهەنگییەکی گەورەی نێوان ئێران و ڕوسیا دەکردەوە لە پرسە نێودەوڵەتییەکاندا، لەگەڵ هەبونی هەڵوێستی هاوبەش دژی سیاسەتە تاکلایەنەکانی ئەمریکا کە جیهان بەرەو ئاژاوە دەبات.
ئاماژەب بەوەشكرد، "لێکگەیشتنێکی گەورە هەیە لە نێوان ئێران و ڕوسیا لە پرسە نێودەوڵەتییەکاندا، هەڵوێستەکانمان یەکگرتوە بەرامبەر سیاسەتە تاکلایەنەکانی ویلایەتە یەکگرتوەکان. یەکێک لە بوارەکانی هاوکاری نێوان ئێران و ڕوسیا کەرتی وزەیە، هەوڵدەدەین غازی ڕوسی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی بگوازینەوە بۆ ئێران و کار لەسەر پرۆژەکانی ئاڵوگۆڕی غازیش دەکەین".
عەراقچی ئاماژەی بە نزیکەی 45 ساڵ لە ڕوبەڕوبونەوەی سزاکانی ئەمریکا کرد و پێی وابو، کە ئێرانییەکان "دکتۆرا"یان بەدەستهێناوە لە تێپەڕاندنی ئەو سزایانەدا. هەروەها جەختی لەسەر هاوکاری نێوان ئێران و ڕوسیا کردەوە لە کەرتی وزەدا، لەوانەش دەستپێشخەری هاوبەش بۆ ڕوبەڕوبونەوەی سزاکان و بەهێزکردنی گواستنەوە و فرۆشتنی غاز و نەوت.
بەگوێرەی میدیاکانی ئێران، عەراقچی دوێنێ سێشەممە گەیشتە مۆسکۆ لە سەردانێکدا کە تێیدا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤی هاوتا ڕوسییەکەی کۆدەبێتەوە، هەروەها لە چوارچێوەی بەردەوامی ڕاوێژە هەرێمییە چڕەکاندا، لەگەڵ "کۆمەڵێک لە بەرپرسانی سیاسی و پەرلەمانی و ڕۆشنبیرانی ڕوسیا" دیدار ئەنجامدەدات.
