عەسائیبی ئەهلی حەق مەرجی ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنی چەکداری دژ بە ئیسرائیل ڕادەگەیەنێت
گرووپی چەکداری عەسائیبی ئەهلی حەق مەرجی ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنەکانی گرووپە چەکدارە عێراقییەکان دژ بە ئیسرائیل ڕادەگەیەنێت.
ئەحمەد عەدنان، ئەندامی کۆمیتەی گشتی بزووتنەوەی چەکداری عەسائیب ئەهلی حەق ئاشکرای کرد کە لایەنە عێراقییەکان ڕێککەوتوون لەسەر ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژ بە قەوارەی زایۆنی (ئیسرائیل) و بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئاماژەی بەوەدا کە بەردەوامی وەستانەکە لەسەر بنەمای چەند مەرجێک دەبێت.
ئەحمەد عەدنان لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ئاژانسی "موتەڵع" گوتوویەتی: "هەماهەنگی لایەنە چەکدارەکانی عێراق ڕێککەوتوون لەسەر ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنەکانی پشتیوانی لە بەرەکانی بەرخۆدان لە غەززە و لوبنان و هەروەها ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژ بە قەوارەی زایۆنی (ئیسرائیل) و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دوای ئاگربەست لە کەرتی غەززە و لوبنان".
ئەحمەد عەدنان وتیشی: ئەم ڕاگرتنەش مەرجی بۆ دانرابوو، دیارترینیان کشانەوەی تەواوی قەوارەی زایۆنی لە خاکی لوبنان و ئازادکردنەوەی هەموو زیندانیانی فەڵەستینی.
