عەلی باپیر دەڵێت لە زیندانی ئەمریکاییەکاندا چەند جار بە ئەشکەنجەوە داوایان لێکردم لەسەر پارتی و یەکێتیی قسەیان بۆ بکەم
سەرۆکی کۆمەڵەی دادگەری عەلی باپیر پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، هەر کەسە لە هەنبانەی خۆیدا گوێز دەژمێرێ
کەم و زۆر لەلایەن کەسانێکی جۆراوجۆرەوە دژایەتییم کراوە و دەکرێ، وەك چۆن کەسانێکی زۆر زۆریش پشتگیریی و هاوکاریی خۆیانیان بۆ ڕاگەیاندووم.
پێشم وایە هەرکەس بوون و کەسایەتییەکی هەبێ، دۆستانی خەمخۆرو دڵسۆز و ناحەز و دوژمنانی داخ لەدڵیشی هەردەبن و پێویستە ئەوە بە شتێکی ئاسایی وەربگیرێ.
بەڵام ئەوەی نائاسایی و شایستەی هەڵوەێستە، ئەوەیە کە کەسانێك بەناوی نووسینی یادداشت و بیرەوەریی و مێژوو یان هەر بەبێ هیچ بۆنەیەکەوە دەست بکەن بە هێرش و پەلامار و هەوڵدان بۆ ناشیرینکردنمان و شێواندنی مێژوو.
عەلی باپیر ئەمەشی گوت، لەمێژە گوتوومە (حەزناکەم وەڵامی قسەی سووکی خەڵکی بچووك بدەمەوە)، فاشیلترین کەسیش بابایەکە جگە لە هەوڵدان بۆ ناشیرینکردنی خەڵك و ڕووخاندنیان، هیچ هونەرێکی دیکەی نیە.
بەهیوای ئەوەی ئەو جۆرە کەسانە چاوێك بە خۆیاندا بگێڕنەوەو دڵنیابن کە بەو ڕەفتارە هەر خۆیان بێزراوو ناشیرین دەکەن و جگە لە دڵناڕەحەتکردنی خوشك و برایانێکی دڵسۆزمان هیچ زیانێکمان لێ نادەن، چونکە ئەوان لەمێژە ئەوە پیشەیانەو هیچیشیان بە هیچ نەکردوەو، بۆ دنیا و دواڕۆژیان و وا باشترە دەست لەو پیشەیان هەڵبگرن و بێگومانیش هەر بەرژەوەندیی و تەماعێك لەو ڕێیەوە دابینی بکەن.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا هاتووە.
لە زیندانی کڕۆپەری ئەمریکاییەکاندا چەند جارێك بە ئەشکەنجەدانەوە داوایان لێکردم، لەسەر پارتی و یەکێتیی قسەیان بۆ بکەم و زانیارییان پێبدەم، منیش پێمگوتن خۆتان لێیان بپرسن و من هیچیان لەبارەوە ناڵێم، گوتیان: ئەی بۆچی ئەوان لەبارەی تۆوە زۆریان قسەی خراپ بۆ کردووین و بە قسەی وانیش تۆمان گرتووە؟! پێمگوتن: ئەگەر ئەوان ویستبیان بە درۆ و بوختان من ناشیرین بکەن، من ئیمان و جوامێرییم ڕێم نادات بە قسەی ڕاست و حەقیش کەس ناشیرین بکەم.
