عەلی قەرەداغی: لە کۆنگرەی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی دەیانویست ئیسرائیل و حەماس بەیەکەوە ئیدانەبکرێن
عەلی قەرەداغی: لە کۆنگرەی لوتکەی وڵاتانی عەرەبیدا هەندێکیان دەیانویست ئیسرائیل و حەماس بەیەکەوە ئیدانەبکرێن.
عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەکێتی زانایانی موسڵمانی جیهانی لە پۆستێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە، جیهادەكەی غەززە و هێرشەكانی سەری ئاشكراكەر و ئابڕووبەری چەندین شتە و هەڵوێستی سەركردەكانمان بەم شێوەیە بووە: "كەمینەیەكی زۆر كەم پشتی حەقیان گرتووە و داواكاری و هەڵوێستی شەرەفمەندانەیان هەبووە لە كۆنگرەی لوتكەی عەرەبیی ئیسلامیدا، بەبێ ئەوەی داواكارییەكانیان لەپێش چاو بگیرێت".
هەروەها هەندێكیان هەوڵیان داوە حەماس و ئیسرائیل بەیەكەوە ئیدانە بكەن، واتە ڕەوا و ناڕەوایان یەكسان كردووە بەیەك، بەرگریكردن لە داگیركار (كە حەقێكی شەرعی و یاساییە لە هەموو یاسا و شەریعەتەكاندا) لەگەڵ كۆمەڵكوژیی و هێرشەكەی داگیركار یەكسان دەكەن.
هەندێكی تریان گەمارۆكەی سەر غەززەی ڕەت كردۆتەوە، لەكاتێكدا خۆی چەندین ساڵە گەمارۆی غەززەی داوە و هەندێكی تریان كوشتنی خەڵكی مەدەنی و منداڵ و ژنانی ڕەت كردۆتەوە، لەكاتێكدا خۆی ڕۆژانە دەیانكوژێت، هەروەها هەندێكی تریان ئاماژە بە خۆپیشاندانەكانی ڕۆژئاوا دەدات و لە وڵاتەكەی خۆیدا ڕێگەی لێ دەگرێت.
عەلی قەرەداغی نوسیویەتیش: لەنێو ئەم هەڵوێستە دژ بەیەكانەدا، كۆنگرەی لوتكە بەڕاستی لاواز بوو و گوزارشتی لە سادەترین و بچوكترین داواكارییەكانی گەلی عەرەبی و ئیسلامی نەكرد.
