عەوادی: حکومەت هیچ باجێکی نوێی نەسەپاندووە
باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، چەند پەڕەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیەکیان دەربارەی بەرزکردنەوەی ڕەسمی گومرگی بڵاوکردووەتەوە کە هی ساڵی ٢٠٢٣یە، هاوکات جەختی کردەوە کە حکومەت هیچ باجێکی نوێی نەسەپاندووە.
عەوادی بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمی کەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند: چەند پەڕەیەک لە پێگەکانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دیمەنی کۆنیان بڵاوکردووەتەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٣ و باس لە ڕەسمی گومرگی دەکات بۆ سەر کەلوپەلی بەکاربردن، ئەوەش دوای ئەوەی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرە عێراقییەکان داوایەکیان پێشکەش کرد بۆ پاراستنی بەرهەمەکانیان کە تەواوی بازاڕە ناوخۆییەکان دادەپۆشن و خاوەن تایبەتمەندی و نرخێکی ڕکابەرین. هەروەها جێبەجێکردنی ڕەسمی گومرگی بۆ پاراستنی بەرهەم، ڕێکارێکە هەموو وڵاتانی جیهان وەک یەکێک لە ڕێکارەکانی ئاسایشی نیشتمانی بۆ پاراستنی پیشەسازی و پەرەپێدانی و ڕەخساندنی هەلی کار جێبەجێی دەکەن. ڕوونیشیکردەوە کە ئەو ڤیدیۆیانەی دووبارە بڵاوکراونەتەوە کۆنن و ئەسڵەکەیان لەسەر پلاتفۆرمە فەرمییەکانی حکومەت هەیە و دەکرێت لە ڕێگەی مێژووە کۆنەکانیانەوە دڵنیا ببنەوە.
جەختیشی کردەوە کە حکومەت هیچ باجێکی نوێی نەسەپاندووە، هەروەک چۆن ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی گومرگ جەختی لێکردەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەسڵی بابەتەکە وەرگرتنی سپاردەی باجە لە دەروازە سنوورییەکان و گواستنەوەیەتی بۆ فەرمانگەی باج لە ڕێگەی سیستەمی ئەسیکۆداوە کە بەم دواییانە کەوتووەتە کار، بەو مەرجەی لە کۆتایی هەموو ساڵێکدا لەگەڵ بازرگانان و هاوردەکاران یەکلا بکرێنەوە
