فوئاد حوسێن لەگەڵ بریکاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دانەوەی پارەکانی ئێران تاوتوێ دەکات
فوئاد حوسێن لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا سەردانەکەی سوودانی بۆ واشنتن و لەگەڵ بریکاری وەزارەتی گەنجینەی ئەو وڵاتەش شێوازی دانەوەی قەرزی ئێران تاوتوێ دەکات.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، رۆژی 22ی ئاداری 2024 فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق کە ئێستا بە سەرۆکایەتیی شاندێک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، لەگەڵ جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا کۆبووەوە و باسیان لە ئەنجامەکانی لیژنەی باڵای سەربازیی نێوان هەردوو وڵات، دۆخی ئەمنی و ئاڵنگارییەکان کرد.
وەزیری دەرەوەی عێراق سوپاسی حکومەتی ئەمریکای کرد کە دەستی بە ئامادەکارییەکان کردووە بۆ سەردانی محەممەد شیاع سوودانی و شاندی یاوەری لە نێوەڕاستی مانگی نیسانی داهاتوودا، کە تێیدا باس لە کۆمەڵێک بابەتی هاوبەش و تایبەت دەکرێت لە بوارەکانی وزە، ئابووری و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ئاماژەی بە گرنگیی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، بەتایبەتی لەم کاتەدا، ئەوەش بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی هەردوو وڵات و پشتیوانیی عێراق لە بوارە جیاوازەکاندا.
