فەرمانبەران و مامۆستایانی ناڕازی:ناچینەوە سەر كارەكانمان
وێڕای بڵاوكردنەوەی لیستی مووچە، مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازی لە سنووری پارێزگای سلێمانی ڕەتی دەكەنەوە بچنە سەر كارەكانیان و بایكۆت بشكێنن.هەرچەندە دوای 60 رۆژ لە دابەشكردنی مووچەی مانگی یەك، وەزارەتی دارایی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان خشتەی دابەشكردنی مووچەی مانگی دووی ئەمساڵی بڵاو كردەوە بەڵام ئەو فەرمانبەر و مامۆستایانەی لە سنووری پارێزگای سلێمانی بایكۆتی دەوامیان كردووە ڕەتی دەكەنەوە بچنەوە سەر كارەكانیان تا ئەوكاتەی حكومەت مووچەی مانگی ئازاریش دابەش دەكات.
بەهۆی نەبوونی مووچەوە، ماوەی دوو هەفتەیە هاتوچۆی سلێمانی بایكۆتی دەوامی كردووە و پۆلیسی هاتوچۆ شەقامەكانیان چۆڵ كردووە، هەروەها ژمارەیەك لە فەرمانگەكانی دیكە و بەشێك لە خوێندنگە و زانكۆكانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و گەرمیان بایكۆتیان ڕاگەیاندووە.
ئەو فەرمانبەرانە دەڵێن: لە كۆتایی مانگی سێدان و حكومەت مووچەی مانگی دوو دابەش دەكات، هەربۆیە ناچنەوە سەر كار.
هەروەها باسیش لەوە دەكەن، پرۆژەی هەژماری من رەت دەكەنەوە و داوا دەكەن بڕیاری دابەشكردنی مووچە لەلایەن بانكە فیدراڵییەكانی حكومەتی فیدڕاڵییەوە جێبەجێ بكرێت.
