فەرماندەی هەسەدە لێبوردەیی گشتی بۆ زیندانیانی پارێزگای دێرەزوور لە سووریا دەرکرد
لەگەڵ پێشڕەویی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بۆ ناوچەکانی دێرەزوور و مەیادین لە ڕۆژهەڵاتی سووریا و کۆنترۆلکردنیان ئەم شارانە، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە لێبوردەیی گشتی بۆ زیندانیانی زیندانەکانی ئەم شارانە دەرکرد کە لەکاتی حوکمی ڕژێمی بەشار ئەسەد دەستگیرکرابوون.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، لەگەڵ پێشڕەویی هێزەکانمان بۆ دێرەزوور لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی دۆخی سیاسی ئێستای سووریا، لێبووردنی گشتی لەو ناوچەیە رادەگەیەنین.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەشڵێت: "داوا لەهەموو لایەک دەکەین هاوکار بن بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە".
مەزڵوم عەبدی لە پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس کە ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردۆتەوە، نوسیویەتی: پشت بە رۆڵی هۆزە ڕەسەنەکانمان لەو ناوچانە دەبەستین بۆ رێگریکردن لە ئاژاوەگێڕی و پاراستنی ناوچەکە.
وێنە گەورەکە ئەوەیە: ئۆپۆزسیۆنی چەکداری سووریا هێرشی کردەسەر شارەکانی حەلەب و ئیدلب لەباکووری سووریا و بەشێک لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و دەستیان بەسەر تەواوی شاری حەلەبدا گرا، پاش ئەوەی دەستیان بەسەر تەواوی گوندەکانی ڕۆژئاوای شاری حەلەبدا لە باکووری سووریا گرت و هەروەها دەستیان بەسەر شاری سەراقب دا گرت کە لە ڕووی ستراتیژییەوە گرنگە لەدوای شەڕێکی سەخت لەگەڵ هێزەکانی ڕژێمی سووریا و هاوپەیمانەکانیان، دواجار ڕۆژی شەممەی ڕابردوو تەواوی شاری حەلەب-یان کۆنترۆڵکرد.
لەلایەکی ترەوە، وتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، فەرهاد شامی لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی ڕووناهی گوتوویەتی: بەچڕی چاودێری دۆخی حەلەب دەکەین، ئەم هێرشانە و توندوتیژیەی حەلەب لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت.
فەرهاد شامی لەبارەی هەڵوێستی هەسەدە لەو توندوتیژیانە وتی: ئەرکی ئێمە پاراستنی گەل و خاکەکەمانە و لەکاتی پێویستدا هەڵوێستمان دەبێت و وەڵام دەدەینەوە.
لەسەر ئەم ڕووداوانە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: پاراستنی سەقامگیری لە ئیدلب و ناوچە سنوورەکانمان، وەک ئەولەویەتێک بۆ تورکیا دەمێنێتەوە.
دواجار ڕۆژی شەممە 30ـی تشرینی دووەمی 2024، روانگەی سوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ ئاشکرایکرد، کە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا (ئەحرار ئەلشام - جولانی) کە بەشێکیان لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت شاری حەلەب-یان گرتووە و سوپای سووریا لە تەواوی شارەکە کشاوەتەوە.
لەمیانەی پێشڕەویەکانی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، ئەمڕۆ شەممە 7ـی کانوونی یەکەم ناوەندی پارێزگای سوەیدا لە باشووری سووریا کەوتە دەست هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن.
بەگوێرەی ئەو زانیارییەی لە سەرچاوە ناوخۆییەکانی سووریاوە دەست کەوتووە، ناوەندی پارێزگای سوەیدا لە باشووری سووریا کە زۆربەی دانیشتوانی لە ئاینی دورزین، کەوتە دەست هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی نیشتەجێی شارەکە.
لەسەر ئەم ڕووداوانە، شیکەرەوە سیاسیەکان باس لەوە دەکەن کە لەماوەی کاتژمێرەکانی داهاتوودا، تەواوی سووریا لەدەس ڕژێمی بەشار ئەسەد دەکەوێت، تەنانەت دیمەشق-ی پایتەختی سووریا و ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد حەتمیە لە کاتژمێرە داهاتووەکاندا.
