فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان جەخت دەکاتەوە لەسەر پێویستی پەرەپێدانی کاری هەواڵگری و ئەمنی لە پارێزگای نەجەف
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان محەمەد شیاع سودانى، ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی کرد لە پارێزگای نەجەف، بە ئامادەبوونی پارێزگاری نەجەف و بریکاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ کاروباری هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی و سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە پارێزگاکە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڵاویکردەوە سودانی جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە سەقامگیری ئاسایشی نەجەف گرنگییەکی زۆری هەیە بەهۆی ئەو پێگە ئاینی و مێژوویی و کۆمەڵایەتی و شارستانی و کولتوورییەوە کە نوێنەرایەتی دەکات و جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی پەرەپێدانی توانا تەکنیکی و مەیدانییەکانی دەزگا ئەمنییەکان لە پارێزگاکە.
هەروەها سودانی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە کاری ئەمنی هاوشان بێت لەگەڵ جوڵەی بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە عێراقدا و جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە کەم و کورتی نەبێت لە دۆسیەی ئەمنیدا بەهۆی هەستیارییەکەیەوە و زۆرترین ئاستی هەوڵەکانی هەواڵگری بخەنەگڕ بۆ بەدەستهێنانی ئاسایش.
فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان فەرمانی کرد گرنگی بە کارمەندان و کاروبارەکانیان بدەن و پێداویستییەکانیان دیاری بکەن، بە شێوەیەک کە وایان لێ بکات لە بەرزترین ئاستی ئامادە باشیدا بن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان و مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو حاڵەتەکاندا، بۆ بەدەستهێنانی بەردەوامی ئاسایش، هەروەها فەرمانی کرد بە شێوەیەکی گونجاو مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیاندا بکەن بۆ ئەوەی ببنە ڕەنگدانەوەی وێنەیەکی ڕووناک و گەشاوی دەوڵەت و دەزگا ئەمنییەکان.
