فەرەنسا لە مانگی ئایاری داهاتوودا سەرۆکایەتیی نێردەی ناتۆ لەعێراق وەردەگرێت
ئەمڕۆ سێشەممە وەزارەتی بەرگری عێراق ڕایگەیاند "کۆماری فەرەنسا سەرکردایەتی نوێنەرایەتی ناتۆ لە عێراق لە مانگی ئایاری داهاتوودا وەردەگرێت".
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی عێراق وەزیری بەرگریی عێراق گەیشتە فەرەنسا و لەگەڵ هاوتا فەرەنسییەکەی گرێبەستی کڕینی فڕۆکە و راداری پێشکەوتوو تاوتوێ دەکەن. ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیارە مانگی داهاتوو فەرەنسا سەرۆکایەتیی نێردەی ناتۆ لە عێراق وەربگرێت.
لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، وەزیری بەرگریی عێراق لە بارەگای وەزارەتی بەرگریی فەرەنسا لە پاریس، چاوی بە سێباستیان لۆکۆرنۆ، هاوتا فەرەنسییەکەی کەوت. هەردوو وەزیر گفتوگۆیان لەبارەی چەندین پرسی "گرنگ" کردووە، لەوانەش دۆخی ئەمنیی هەرێمی و رۆڵی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق.
بەپێی وەزارەتی بەرگریی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا باسی ئەرکی نێردەی ناتۆ لە عێراق کراوە، بەتایبەتی کە فەرەنسا لە مانگی ئایاری داهاتوودا سەرۆکایەتیی نێردەکە وەردەگرێت. جگە لەمانەش، تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرا، بەتایبەت لە بواری ئەمنیدا.
هەردوو وەزیر وردەکارییەکانی گرێبەستی پڕچەککردنی فەرماندەیی فڕۆکەوانیی سوپای عێراقیان بە فڕۆکەی جۆری کاراکاڵ تاوتوێ کرد، کە لەنێوان هەردوو وەزارەتی بەرگریدا واژۆ کراوە.
وەزارەتی بەرگریی عێراق دەڵێت، بەدواداچوونیش دەکرێت بۆ جێبەجێکردنی گرێبەستی پڕچەککردنی فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانیی عێراق بە راداری پێشکەوتوو.
