قائیمقامی سلێمانی : پلانی مانگی ره‌مه‌زان و رۆژانی جه‌ژن به‌سه‌ركه‌وتویی جێبه‌جێكرا
قائیمقامی سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و پلانه‌ی له‌لایه‌ن قائیمقامیه‌ت و فه‌رمانگه خزمه‌تگوزارییه‌كان و هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه بۆ مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز و رۆژانی جه‌ژن دانرا، به‌سه‌ركه‌وتویی جێبه‌جێكرا.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی قائیمقامیه‌تی سلێمانی، ئه‌مڕۆ شه‌ممه ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامی سلێمانی له‌گه‌ڵ لیژنه هاوبه‌شه‌كان كۆبۆوه و سوپاسی سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی لیژنه‌كان و فه‌رمانگه خزمه‌تگوزارییه‌كان و هێزه ئه‌منییه‌كانی كرد كه له‌مانگی ره‌مه‌زان و رۆژانی جه‌ژندا به‌ئه‌وپه‌ڕی دڵسۆزییه‌وه كاره‌كانی خۆیان راپه‌ڕاندوه.
وتیشی، "به‌هۆی جوانی و دڵڕفێنی ناوچه گه‌شتیارییه‌كانی و ئه‌و ئارامییه‌ی له شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان فه‌راهه‌م بوه بۆ به‌سه‌ربردنی رۆژه‌كانی پشوی جه‌ژنی ره‌مه‌زانی پیرۆز، ژماره‌یه‌كی زۆر گه‌شتیار له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم سه‌ردانی شوێنه گه‌شتیارییه‌كانیان كردوه".
رونیكردوه، "به‌پێی ئاماره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌شتوگوزاری سلێمانی، زیاتر له (100) هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی ناوچه گه‌شتیارییه‌كانی سنوری سلێمانییان كردوه، كه ژماره‌یه‌كی زۆریان له ناوه‌ڕاست و خواروی عێراقه‌وه هاتون".
قائیمقامی سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، "پێشتر پلانێكی وردیان دانابو بۆئه‌وه‌ی له‌روی ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی و ئه‌منییه‌وه خزمه‌تی هاوڵاتیان و گه‌شتیاران بكه‌ن، خۆشبه‌ختانه پلانه‌كان جێبه‌جێكران، هه‌ربۆیه سوپاسی لیژنه هاوبه‌شه‌كان و هێزه ئه‌منییه‌كان و فه‌رمانگه خزمه‌تگوزارییه‌كان ده‌كه‌ین كه به‌ڕۆڵ و ئه‌ركی خۆیان هه‌ستان، وه‌كو هه‌میشه له‌خزمه‌تی هاوڵاتیاندا ده‌بین و خۆمان به‌پارێزه‌ری گیان و ته‌ندروستیان ده‌زانین".
