قائیمقامیەتی سلێمانی: هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندو کراوەبێت و رێگە نادرێت ببرێتە دەرەوەی هەرێم
ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی ئەمڕۆ بەجیا لەگەڵ لیژنەی دیاریکردنی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری و لیژنەی هاوسەنگی سەوزەو میوە کۆبوەوە و تێیدا بڕیاردرا، هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندو کراوەبێت و رێگە نادرێت ببرێتە دەرەوەی هەرێم، هەروەها بڕیاردرا قەدەغەی هاوردەکردنی بەردەوام بێت و لە سەرەتای و ناوەڕاستی مانگی داهاتو هاوردەکردنی پیازو شوتی قەدەغە دەكرێت.
قائیمقامیەتی سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویكردەوە، بە مەبەستی هاوسەنگی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری و سەوزەو میوە لە سنوری سلێمانی ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی بەجیا لەگەڵ لیژنەی دیاریکردنی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری و لیژنەی هاوسەنگی سەوزەو میوە کۆبوەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، تایبەت بە پرۆژە کشتوکاڵی و پەلەوەرییەکان بڕیار درا لیژنە هاوبەشەکان رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆئەوەی ئەندازیاری کشتوکاڵی راستەوخۆ لەسەر پرۆژە بێت و سەرپەرشتی پرۆژە کشتوکاڵی و پەلەوەرییەکان بکات.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردرا هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندو کراوەبێت و رێگە نادرێت ببرێتە دەرەوەی هەرێم. لەگەڵ ئەوەشدا تا ناوەڕاستی مانگی (حوزەیران/6) قەدەغەی راوەماسی بەردەوام بێت.
ئەوەشی خستەڕو، لەبارەی هێلکەی خواردنەوە قائیمقامی سلێمانی بڕیاریدا بەهۆی زۆری بەرهەمی ناوخۆوە قەدەغەی هاوردەکردنی بەردەوام بێت، هەرکاتێک نرخی هێلکە لە بازاڕدا بەرزبێتەوە بەناچاری دەرگای هاوردەکردنی دەکرێتەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، کاری پێویست کراوە بۆ رێگری لە تای خوێنبەربون و بەڕێوبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی 26 تیمی پێکهێناوە و سەردانی گوندەکان دەکات بۆ لەناوبردنی مشەخۆری دەرەکی و شتنەوەی ئاژەڵ، لیژنەکانی قائیمقامیەتیش راسپێردران چاودێری گۆشتفرۆشەکان زیاتر بکەن.
باسی لەوەشكرد، لەبارەی سەوزەو میوەوە بڕیاردرا لە ماوەیەکی کەمدا زیادەڕەوییەکانی ناو عەلوەی سلێمانی بەتەواوی لاببرێن و رێگە نەدەن هیچ میوە یان سەوزەیەکی ناتەندروست ببرێتە بازاڕەوە. هاوکات باس لەوەش کرا کە لەپێناو گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆ بڕیاردراوە لە 1ی (ئایار/5) هاوردەکردنی پیاز و 15ی (ئایار/5) هاوردەکردنی شوتی قەدەغە بێت.
