قاسم ئەعرەجی: عێراق سوورە لەسەر پاراستنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان
ئەمڕۆ یەکشەممە "قاسم ئەعرەجی"ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق،لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا و باڵیۆزی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە،جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوونی کارکردنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و
پاراستنی باڵیۆزخانەکان لە عێراق کردەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی راوێژکاری ئاسایشی نشتیمانی ، کە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە ، تیایدا هاتووە : لە کۆبوونەوەکەدا، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی وردەکاریی ئەو ڕێکارە ئەمنییانەی بۆ باڵیۆزەکان ڕوون کردەوە کە حکومەتی عێراق بۆ پاراستنی باڵیۆزخانە و ناوەندە دیپلۆماسییەکان گرتوونیەتەبەر. بەگوێرەی ناوەرۆکی راگەیەندراوەکە : "ئەعرەجی" بە توندی هەر جۆرە دەستدرێژییەکی بۆ سەر نوێنەرایەتییە بیانییەکان ڕەت کردەوە و ئاماژەی بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کرد بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر هەر لایەنێک کە هەوڵی بەئامانجگرتنی باڵیۆزخانەکان بدات.
سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە، "ئەعرەجی" دووپاتی کردەوە کە عێراق هیچ پەیوەندییەکی بەو شەڕ و ململانێیانەوە نییە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدەن و بەردەوام دەبێت لەسەر سیاسەتی بێلایەنی خۆی بە ئامانجی پاراستنی سەقامگیری و گەشەپێدانی وڵات.
هەڵوێستی یەکێتیی ئەوروپا
لەلایەن خۆیانەوە، باڵیۆزانی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا سوپاسی حکومەتی عێراقیان کرد بۆ ئەو هەوڵانەی لە پێناو دابینکردنی ئاسایشی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکان ئەنجامی داون.
باڵیۆزەکان هاوکات ئیدانەی هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراقیان کرد و هیوایان خواست عێراق بە هیچ شێوەیەک ڕانەکێشرێتە ناو ململانێ ئێستاکانی ناوچەکەوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەختکرایەوە لەسەر بەردەوامبوونی دیالۆگ و ئاڵوگۆڕکردنی بۆچوونەکان لەپێناو بەهێزکردنی سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکەدا.
