قاڵیباف: هەرچی ترەمپ دەیڵێت درۆیە
لەوەلامی ئەوەی ترەمپ رایگەیاندووە کە ئێران یۆرانیۆمی پیتێنراوی رادەستی ئەمریکا دەکات، قالیباف دەڵیت "هەموو بانگەشەکانی ترەمپ درۆیە".
لێدوانی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بەوەی کە ئەمریکا یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران وەک بەشێک لەڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕەکە وەردەگرێت، وەڵامدانەوەی توندی لەلایەن قالیبافەوە لێکەوتەوەو رایگەیاند "سەرۆکی ئەمریکا لەیەک کاتژمێردا حەوت پاگەندەی کرد کە هەر حەوتیان درۆیە".
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و سەرۆکی شاندی دانوستانی ئاشتی لەگەڵ ئەمریکا لەپاکستان، لە وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە گەمارۆی دەریایی بەندەرەکانی ئێران تا گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی ڕایگەیاند، ئەگەر گەمارۆکان بەردەوام بێت، گەرووی هورمز بە کراوەیی نامێنێتەوە.
ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو کە تا کۆتایی ئاگربەستی لوبنان گەرووی هورمز بەڕووی هەموو کەشتییە بازرگانییەکاندا دەکاتەوە.
قالیباف لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی "تێپەڕین بەناو گەرووی هورمزدا بە پشتبەستن بە "رێگایەکی دیاریکراو"و بە"مۆڵەتی ئێران" ئەنجام دەدرێت.
قاڵیباف دەشڵێت "ئەوە مەیدانە نەک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دیاریدەکات کە ئایا گەرووەکە کراوەیە یان داخراوە".
هەروەها ڕەخنەی لەلێدوانەکانی ترەمپ گرت و نووسی "سەرۆکی ئەمریکا لەماوەی یەک کاتژمێردا حەوت پاگەندەی کرد کە هەر حەوتیان درۆ بوون".
قالیباف دەڵێت "بەم درۆیانە شەڕیان نەبردەوەو بەدڵنیاییەوە لە دانوستانەکانیشدا ناگەنە هیچ شوێنێک".
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە کە "یۆرانیۆمی پیتێنراوی وڵاتەکە نابرێتە هیچ شوێنێکو لەئێراندا دەمێنێتەوە".
