قوباد تاڵه‌بانی داوایكرد توركیا ئاسمانی وڵاته‌كه‌ی به‌ڕوی گه‌شته‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانیدا بكاته‌وه
قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ باڵیۆزی توركیا له عێراق، داوایكرد توركیا ئاسمانی وڵاته‌كه‌ی به‌ڕوی گه‌شته‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانیدا بكاته‌وه و سه‌باره‌ت به‌رێكه‌وتنی هه‌رێم و به‌غداش ده‌ڵێت، "رێككه‌وتنی نێوان هه‌ردولا له‌باره‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی موچه و هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم هه‌نگاوێكی گرنگه".
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه قوباد تاڵه‌بانی پێشوازیكرد له ئانل بۆرا ئینان باڵیۆزی توركیا له عێراق و له كۆبونه‌وه‌ی نێوانیاندا پرۆسه‌ی ئاشتی له توركیا، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا و چه‌ند پرسێكی دیكه تاوتوێ كران.
له ته‌وه‌رێكی كۆبونه‌وه‌كه‌دا به ئاماده‌بونی ئه‌رمان تۆبجو كونسوڵی گشتیی توركیا له هه‌رێم به‌ڕێوه‌چو، باس له دواین به‌ره‌وپێشچونه‌كانی پرۆسه‌ی ئاشتی له توركیا كرا، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران پرۆسه‌ی چه‌كدانانی په‌كه‌كه‌ی به هه‌نگاوێكی مێژویی ناوبرد و هیوای خواست هه‌نگاوه‌كانی دیكه‌ی پرۆسه‌ی ئاشتی به سه‌ركه‌وتویی به‌ڕێوه‌بچێت، له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا جه‌ختیكرده‌وه، له‌سه‌ر پشتیوانی حكومه‌تی هه‌رێم له پرۆسه‌كه و ئاماده‌یی هه‌رێمی كوردستانیشی ده‌ربڕی بۆ هه‌مو جۆره هاوكارییه‌ك بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌كه.
له به‌شێكی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌دا باس له كێشه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی كرا و قوباد تاڵه‌بانی داوایكرد توركیا ئاسمانی وڵاته‌كه‌ی به‌ڕوی گه‌شته‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانیدا بكاته‌وه.
له ته‌وه‌رێكی دیكه‌دا گفتوگۆكرا له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، رێككه‌وتنی نێوان هه‌رێم و به‌غدای له‌باره‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی موچه و هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی به هه‌نگاوێكی گرنگ بۆ به‌هێزتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا زانی و رایگه‌یاند، "هه‌رێمی كوردستان خوازیاره هه‌مو كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌پێی ده‌ستور چاره‌سه‌ر بكات".
هاوكات، باڵیۆزی توركیا خۆشحاڵی خۆی له رێككه‌وتنه‌كه ده‌ربڕی و هیوای خواست په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌ره‌وپێشچونی زیاتر به‌خۆیه‌وه ببینێت.
